نالی بارزانی بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس تێدەپەرێت

02-09-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن نالی بارزانی فەرحانە بۆدی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرحانە بۆدی، مۆدێل و پێشکێشکاری تەلەڤزیۆنیی هیندیی دانیشتووی دوبەی، لە 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس ئامادەبوو و بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕی و جلوبەرگی لە دیزاینی نالی بارزانی، دیزاینەری کورد بوو.
 
نالی بارزانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فەرحانە بۆدی سێ جلی دیزاینکراوی ئەوی لە خولی ئەمجارەی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس پۆشی و بە یەکێک لە دیزاینەکان لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا دەرکەوت، ئەویش وەک دیزاینەرێک بەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵدا لەگەڵیدا تێپەڕی. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەر لە ڤێنس، فەرحانە بۆدی، یەکێک لە دیزاینەکانیی لە ئاهەنگی ئەمفار پۆشی کە لە لەلایەن فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سووری سعودی پاڵپشتی دەکرێت، دیزاینێکی دیکەیشی لە ئاهەنگی براندی ئەرمانی لە ڤێنس پۆشی.
 
نالی بارزانی، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، جگە لە فەرحانە بۆدی، پێشتر جلێکی بۆ هەیفا وەهبی، هونەرمەندی لوبنانی دیزاینکردووە و لە یەکێک لە ڤیدیۆکلیپەکانی بەکاری هێناوە.
 
ئەو دیزاینەرە کوردە، فاشنی لە تورکیا خوێندەوە و خاوەنی براندی خۆیەتی بە ناوی نالی بارزانی، پێشتر لە 67ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لەگەڵ ئەو مۆدێلە هیندییە لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵەکە دەرکەوت کە جلێکی لە دیزاینی ئەو پۆشیبوو.
 
ئەستێرە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس، گرنگی بە دەرکەوتنیان لەسەر فەرشی سوور دەدەن و دیزاینی دیزاینەرە بەناوبانگەکانی جیهان دەپۆشن.
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە 28ـی ئابی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 7ـی ئەیلوولی 2024 لە دوورگەی لیدۆ لە ڤێنسی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمساڵ 92 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فیستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵدا بەڕێوەدەچن.
 
ڤێنس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان پێشاندەدرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە