رووداو دیجیتاڵ
بریکاری پێشووی بانکی ناوەندیی عێراق بە رووداوی گوت، تاوەکو مانگی شەش (حوزەیران)ـی ئەم ساڵ، نرخی دینار لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرز دەبێتەوە.
فالح داوود، بریکاری پێشووی بانکی ناوەندیی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 22:30 رۆژی سێشەممە، کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی دەکات رایگەیاند، نرخی دینار دەکەوێتە سەر خستنەبازاڕ و خواست لەسەری، چونکە بازاڕی دراو رۆڵ دەبینێت لە نرخەکەی نەوەک بانکی ناوەندیی.
فالح داوود دەشڵێت، رێکارەکانی ئەمدواییەی وەزارەتی گەنجینە و بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لە گواستنەوەی دۆلار بۆ عێراق بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دۆلار و ئەوەش هۆکاری ناسەقامگیریی نرخی دینارە بەرامبەر دۆلار.
فالح داوود دەشڵێت، پشتبەستن بە سەکۆی ئەلیکترۆنی کاریگەرییەکی ئەرێنیی لاوەکیی هەبووە لەم نێوەندەدا لەسەر نرخی دینار بەرامبەر دۆلار و نیمچە سەقامگیرییەکی لە نرخی دینار دروستکردووە و رەنگە تاوەکو مانگی شەشی ئەم ساڵ، نرخی دینار کەمێکی دیکە بەرزببێتەوە.
بریکاری پێشووی بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی نرخی دینار لە رۆژانی داهاتوودا دەڵێت، دەکەوێتە سەر خستنەبازاڕ و خواست لەسەر دۆلار.
ئەو بەرپرسەی پێشووی بانکی ناوەندی گوتیشی، لە نێوان خواستی سیاسەتی ئەمریکا و دابینکردنی دۆلار بۆشاییەک هەیە و سیاسەتی بانکی ناوەندیی لە نیوەی دووەمی ساڵی 2023وە تاوەکو ئێستا رێککەوتنی دووقۆڵی بووە لەگەڵ وڵاتان بۆ مامەڵەی بازرگانی بە دراوی نێوخۆیی.
فالح داوود باسی لە رێککەوتنی ئەمدواییەی عێراق و تورکیا لەمبارەیەوە دەکات و دەڵێت، "بەپێی زانیارییەکانم، ئێستا جگە لە دۆلار، بە لیرەی تورکیش مامەڵەی بازرگانیی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دەکرێت و ئەو رێککەوتنە سەرکەوتوو بووە".
فالح داوود دەشڵێت، ئەمە وا دەکات کۆنترۆڵ و چاودێریی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەسەر ئەو بابەتەوە هەبێت و تورکیاش ئەگەر پێویستی بێت، دۆلار وەردەگرێت.
لەبارەی ئەگەری سزادانی بانکی زیاتر لە لایەن ئەمریکاوە ئەو بەرپرسە دەڵێت، پێویستە لیژنەیەکی تایبەتی هاوبەش پێکبهێنرێت بانکی ناوەندیی عێراق، نووسینگەی سپیکردنەوەی پارە و بانکی فیدراڵیی و گەنجینەی ئەمریکا و لیژنەکە راسپاردە بدات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بانکە عێراقییەکان.
ئەو بەرپرسەی پێشووی بانکی ناوەندی دەشڵێت، بانکی هودا پێش ساڵی 2010 مۆڵەتی پێدراوە، ئێستا ئەو لێکۆڵینەوەیە چییە کە لە 2024 دەکرێت؟ هەروەها لەسەر چ تۆمەتێک سزادراوە و بۆچی بانکی ناوەندیی عێراق نەکراوەتەوە و لێپرسینەوە بکات؟
دەشڵێت، سزادانی بانکی هودا نابێتە رێگر لەبەردەمی لەوەی مامەڵە بە دراوی دیکەی جگە لە دۆلار بکات. دەشڵێت، دەبێت بانکی ناوەندیی عێراق روونکردنەوە بدات لەوەی چۆن ئەو بانکە [هودا] دەتوانێت مامەڵە بە دراوی دیکە بکات ئەگەر سزای بەسەردا سەپێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ