DNO بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاددەکات

29-10-2020
ئەحمەد تەڵعەت
نیشانەکردن نەوت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

كۆمپانیای DNOی نەرویجی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان لە چارەگی سێیەمدا بۆ 113 هەزار و 700 بەرمیل بەرزکردووەتەوە، بەرهەمهێنان لە هەردوو کێڵگەی نەوتی تاوکێ و پێشابوور بەراورد بە چارەگی دووەمی ئەمساڵ %12 بەرزبووەتەوە.
کۆمپانیاکە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت: "پێچەوانەی پێشبینییەکان، بەرهەمهێنان لە هەردوو کێڵگەی تاوکێ و پێشابوور بەرزبووەتەوە، هۆکارێکی سەرەکیش کارکردنی زیاتر بە خەرجی کەمتر بووە ."
بیجان موسەوەر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای DNO رایگەیاند: "لە مانگی حوزەیرانەوە تیمەکانمان لە کوردستان دەستیان بە ئاڵنگاری نوێ کرد،کاری زیاتر بە خەرجی کەمتر کراوە، چارەسەری داهێنەرانە لە بەرهەمهێنانی نەوت کراوە، ئەنجامەکەشی ئەوەیە ئەمڕۆ دەبینرێت".
بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، پڕۆژەی راکێشان و دەرهێنانی گاز لە پێشابوور و تاوکێ، کە نێوەڕاستی ئەمساڵ دەستیپێکردووە بەردەوامە، پێشبینیش دەکات بە هەمان ئەو ئەنجامەی لە چارەگی سێیەم بەدەستهاتوون و ساڵی 2020 بەهەمان ئاست کۆتایی پێبێت.
لەبارەی داهاتیش کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، داهاتەکەیان بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 163 ملیۆن دۆلار لەو چارەگەدا، ئەوەش بەهۆی باشتربوونی نرخی نەوت بووە.
کۆمپانیای DNO مانگی تەممووزی ئەمساڵ هەڵکۆڵینی بیری زەرتک-1، گەڕان بەدوای بیری نەوت لە باشیک و  و بیری باشیک-2ـی تەواوکرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە