رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە دوو هەفتە، 100 دۆلار لە سلێمانی و هەولێر بە کەمتر لە 149 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئیسماعیل محەممەد، شارەزا و ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا لە سلێمانی، 100 دۆلار بە 148 هەزار و 900 دینارە.
لە کاتی کردنەوەدا، 100 دۆلار بە 149 هەزار و 100 دینار بووە.
لە هەولێریش بە گوتەی ئەحمەد حاجی سابیر، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بۆ رووداو، لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 149 هەزار و 150 دینار بووە، بەڵام لە کاتی داخستندا بۆ 148 هەزار و 900 دینار دابەزیوە.
ئەمە بەرزترین ئاستی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار لە 13ـی ئەم مانگەوە. ئیسماعیل محەممەد دەڵێت، کۆمەڵێک هۆکار هەن بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دینار، لەوانە ئاسایی بوونەوەی خواست لەسەر دۆلار و نەهاتنی دینار بە لێشاو بۆ نێو بازاڕەکان، کە گەشتیاران و پارەی گەنمی جووتیاران هۆکاری بوون. هەروەها خستنەڕووی دۆلاریش لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقیشەوە زیادبووە.
بە گوتەی ئەو شارەزایە، ئێستا حەواڵەش بە زوویی دەچێتە سەر هەژماری بازرگانان و کێشەی نییە. بۆیە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دینار هەیە ئەگەر هەواڵی خراپ و پڕوپاگەندە بڵاونەکرێتەوە.
رۆژی دووشەممە 8-7-2024، بۆ یەکەمجار لە دوای نێوەڕاستی ئاداری ئەم ساڵەوە، بەهای 100 دۆلار گەیشتەوە 150 هەزار دینار. ئەوکاتە کێشە لە ناردنی حەواڵەی بازرگانی هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینار بوو.
بۆ حەواڵەکردن بازرگانان دەبێت دینار بخەنە سەر هەژمارەکانیان، ئەوەش وا دەکات دینار لە بازاڕ کەمببێتەوە و خستنەڕووی دۆلار زیاد دەبێت و خواست لەسەری کەمببێتەوە.
بۆیە هەر کێشە و بەرەوپێشچوونێک لە حەواڵە، کاریگەریی لەسەر دابەزین و بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ