رووسیا چۆن هەژموونی عێراق و سعودیەی لە بواری نەوت کەمکردووەتەوە؟

28-06-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ماڵپەڕی S&P Global Platts لە راپۆرتێکدا دەڵێت، شەڕی ئۆکراینا و زیادبوونی هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ هیندستان و چین، هەژموونی سعودیە و عێراقی وەکو دوو زلهێزی نەوتیی ناوچەکە کەمکردووەتەوە. ئێستا رووسیا بەتەنیا زیاتر لە هەردوو وڵات نەوت هەناردەی هیندستان دەکات.
 
بەپێی ئامارە بەراییەکان، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، پاڵاوگەکانی هیندستان رۆژانەی نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی رووسییان هاوردە کردووە، ئەوەش ئاستێکی پێوانەییە و زیاترە لە هاوردەی نەوتی سعودیە و عێراق بەیەکەوە.
 
بەپێی ماڵپەڕە ئەمریکییەکە، هاوردەی نەوتی رووسیا رەنگە زیاتر بەرزببێتەوە و بگاتە نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە و نزیکەی 40٪ بۆ 45٪ـی کۆی هاوردەی نەوتی هیندستان پێکبهێنێت.
 
بەپێی سەرچاوە پیشەسازییەکان، لە مانگی ئایاردا هاوردەی نەوتی عێراق و سعودیە بۆ هیندستان بۆ نزمترین ئاست لەدوای تشرینی یەکەمی ساڵی 2021ـەوە دابەزیوە.
 
لەو مانگەدا، هیندستان 801 هەزار و 400 بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە عێراقەوە هاوردەکردووە، بەوەش بەراورد بە مانگی نیسان ٪13.7 دابەزیوە.
 
هاوکات، هیندستان هاوردەی نەوتی سعودیەشی لە مانگی رابردوودا 15٪ و بۆ 616 هەزار و 100 بەرمیل لە رۆژێکدا کەمکردووەتەوە.
 
بەپێی ئاماری حکومەتی هیندستانیش، لە مانگی ئایاردا تێچووی تۆنێک نەوتی رووسی کە دەکاتە نزیکەی 7.3 بەرمیل، نزیکەی 500 دۆلار بووە، واتە تێچووی هەر بەرمیلێک نەوتی رووسی لەسەر هیندستان 68.21 دۆلار بووە.
 
لە بەرامبەردا، تیچووی تۆنێک نەوتی عێراق لەو مانگەدا لەسەر هیندستان 570 دۆلار و، تێچووی تۆنێک نەوتی سعودیەش 637.40 دۆلار بوون.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی چین، لە مانگی شوباتدا نرخی بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ هیندستان بۆ 76.19 سەنت دابەزیوە، لەکاتێکدا لە مانگی یەکدا 78.92 دۆلار بووە. هۆکاریش نەوتی هەرزانی رووسییە کە بە 72.14 سەنت دەفرۆشرێتە هیندستان.
 
بەپێی ئاماری دامەزراوەی ڤۆرتێکسا کە تایبەتە بە بواری نەوت، لە نیسانی ئەمساڵدا عێراق رۆژانە 812 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی هیندستان کردووە، لەکاتێکدا رووسیا ملیۆنێک و 680 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە.
 
بەپێی ئامارەکانی ڤۆرتێکسای تایبەت بە بەدواداچوونی وزە، هیندستان لە مانگی کانوونی دووەمی 2021ـدا تەنیا 36 هەزار و 255 بەرمیل نەوتی خاوی لە رۆژێکدا لە رووسیاوە هاوردە کردووە، ئەوش لەکاتێکدایە لەو مانگەدا هیندستان یەک ملیۆن و 50 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانەی لە عێراق و 952 هەزار و 625ـیشی لە سعودیەوە هاوردەکردبوو.
 
هاوشێوەی هیندستان، چینیش هاوردەی نەوتی رووسیای زیادکردووە؛ لە مانگی ئایاردا هاوردەی نەوتی رووسیا لە لایەن چینەوە بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا سعودیە کە پێشتر گەورەترین هەناردەکاری نەوت بوو بۆ هیندستان، لەو مانگەدا ملیۆنێک و 730 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەناردەی چین کردووە.
 
هاوکات، پێشبینی دەکرێت چین بەردەوام بێت لە زیادکردنی هاوردەی نەوتی رووسیا، بە تایبەتی دوای هەڵگرتنی رێکارەکانی قەدەخەی کۆرۆنا.
 
بەپێی ئامارەکانی کپلەر و Platts cFlow کە تایبەتن بە بواری وزە، لە مانگی ئایاردا لە کۆی 39 کەشتیی نەوتیی رووسی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵات، 29ـیان بۆ چین و، 10یەکەی دیکەش بۆ هیندستان بوون.
 
چین گەورەترین هاوبەشی ئابووریی رووسیایە و قەبارەی بازرگانیی نێوانیان لە ساڵی 2022ـدا گەیشتووەتە 190 ملیار دۆلار.
 
هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ هیندستان و چین، هەرزانیی نرخەکەیەتی کە بەهۆی سزاکانی رۆژئاوا و قەدەخەی نەوتی رووسییەوە، بە نزیکەی نیوەی نرخی جیهانی دەفرۆشرێت.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە