نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو

28-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی زێڕ 30 دۆلار بەرزبووەوە و بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-3-2024، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 30 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2224 دۆلار.
 
چاوەڕوانیی بازرگان و وەبەرهێنەران بۆ داتای داهاتووی ئەمریکا لەبارەی هەڵاوسان و گوتاری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە.
 
رۆژی هەینی، 29-3-2024، ئاماری خەرجیی بەکاربەر بۆ مانگی رابردوو لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە؛ پێشبینی دەکرێت رێژەکە لە ٪0.4ـەوە بۆ 0.3٪ دابەزێت. 
 
کەمبوونەوەی خەرجیی بەکاربەر دەبێتە یەکێک لە ئاماژەکان کە هەڵاوسان لە ئەمریکا رووەو دابەزین هەنگاو دەنێت، ئەوەش ئەو پێشبینییانە بەهێز دەکات کە لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەکات کە ئەوە بە زیانی دۆلار و قازانجی زێڕ دەشکێتەوە.
 
جگە لەو ئامارە، کاژێر 18:30ـی ئێوارەش بە کاتی هەولێر، هەریەک لە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و ماری دالی، ئەندامی لیژنەی بازاڕی کراوەی سەر بە بانکەکە، بە جیا گوتارێک پێشکێشدەکەن کە گوتەکانیان دەکرێت کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕ هەبێت.
 
هەر ئاماژەیەک لە گوتەکانی ئەو دوو بەپرسە لەبارەی کەمکردنەوەی سوودی بانکی و شێوازی نەرمی و تووندیی قسەکانیان، دەکرێت کاریگەریی گەورەی لەسەر بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی زێڕ دابنێت.
 
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ پێنجشەممە کریستۆفەر واڵەر، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا هۆشداریی دا لەوەی بانکەکەیان پەلەی نییە لە دەستکردن بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی.
 
کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار، بەوەش نرخی زێڕ، نەوت، پێنوێن و دراوەکانی دیکە لە بەرامبەر ئەو دراوەدا بەرزدەبنەوە.
 
بەوپێیەی زۆرینەی مامەڵەکانی بازاڕە داراییەکان بە دۆلارە، دابەزینی نرخی ئەو دراوە وا دەکات کاڵاکان هەرزانتر بن بۆ هەڵگرانی دراوەکانی دیکە.
 
رۆژی 20-3-2024، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، سوودی بانکییان لە 5.50٪ وەک خۆی هێشتەوە؛ گوتیشی، سەرەڕای بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، ئەوان هێشتا پێیانوایە کە ئەم ساڵ سێ جار رێژەی سوود کەمدەکەنەوە.
 
دوای لێدوانەکەی پاوڵ، نرخی یەک ئۆنسەی زێڕ زیاتر لە 50 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە لە 2222 دۆلار. ئەمە بەرزترین نرخی زێڕ بوو لە مێژوودا تۆمارکرابێت.
 
بەپێی پێشبینیی دامەزراوەی WisdomTreeی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، دەکرێت لە چارەکی کۆتایی 2025ـدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە زیاتر لە 2350 دۆلار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە