بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەرهەمی گەنمەشامی لە كوردستان زیادکردووە

28-01-2021
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن گەنمەشامی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
زەوییەکەی عەلی قادر زۆربەی کات سەوز دەچێتەوە. ئەو دوای هەڵگرتنەوەی بەرهەمی گەنم و پەتاتە. گەنمەشامی دەچێنێت. عەلی، کە جووتیارێكی نموونەیی دەشتی شەمامكی شاری هەولێرە، دەڵێت: "جووتیار دەبێت پلانی هەبێت و هەوڵ بدات لە هەموو وەرزەكانی ساڵدا سوود لە زەوییەكەی وەربگرێت".
 
عەلی قادر، ساڵی رابردوو دوای دروێنەی گەنم، یەکسەر زەوییەکەی کێڵایەوە و زیاتر لە 100 دۆنم گەنمەشامی چاند، بە گوتەی خۆی لە هەر دۆنمێکدا زیاتر لە سێ تۆن گەنمەشامی دەستکەوتووە، هەر تۆنێکیشی بە 315 هەزار دینار فرۆشتووە. 
 
ئەو جووتیارە و زۆر جووتیاری دیکە پێشتر گرفتی ساخكردنەوەی بەرهەمیان هەبوو. زۆرجار بە ناچاری بە نیوەی نرخی بازاڕ گەنمەشامییەکەیان بە بازرگانانی عەرەبیان دەفرۆشت، بەڵام ماوەی چوار ساڵە بەهۆی كڕینەوەی بەرهەمەكەیان لەلایەن كارگەكانی ئالیك لە كوردستان ئەم گرفتەیان نەماوە.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ لە ماوەی 6 ساڵی رابردوودا رووبەری چاندن و بەرهەمی گەنمەشامی لە هەرێمی كوردستان بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بە جۆرێك بەرهەمی سێ ساڵی رابردوو بەراورد بە سێ ساڵی پێشتر بە رێژەی 64.2% زیادبووە.
 
بەپێی ئامارەکە بەرهەمی گەنمەشامی لە ساڵی 2014دا تەنیا 24 هەزار و 584  تۆن بووە، ساڵی 2019 گەیشتووەتە 61 هەزار و 959 تۆن، بەڵام ئەم بەرهەمە نزیكەی 15%ی پێویستی كارگەكانی ئالیك پڕدەكاتەوە، بۆیە ساڵانە زیاتر لە 400 هەزار تۆن گەنمەشامی هاوردە دەكرێت.
 

بەرهەمی گەنمەشامی (بە تۆن) لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە 6 ساڵی رابردوودا
بەرهەمی گەنمەشامی (بە تۆن) لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە 6 ساڵی رابردوودا

بەپێی داتاكان، تاوەكو ساڵی 2014 پارێزگای دهۆك لە چاندنی گەنمەشامی لە پێش پارێزگاكانی دیكە بوو، بەڵام ئێستا پارێزگای هەولێر لە پلەی یەكەمدایە، 95%ی  بەرهەمی گەنمەشامیی هەرێمی كوردستان لەو پارێزگایە دەچێندرێت. 
ئەمین رەئووف، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای هەولێر بە (رووداو)ی گوت: "كڕینەوەی گەنمەشامی لەلایەن كارگەكان رۆڵی كاریگەری هەبووە بۆ زیادبوونی چاندنی گەنمەشامی لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئێستا بەشێكی زۆر لەو جووتیارانەی زەوییەكانیان بەراوە، دوای دروێنەی گەنم، گەنمەشامی دەچێنن".
تێچووی چاندنی دۆنمێك گەنمەشامی 250 تاوەكو 270 هەزار دینارە، ئەگەر جووتیار تۆوی باشی بچێنێت و خزمەتی باشی كێڵگەی بكات، لە هەر دۆنمێك 3 تاوەكو 3.5 تۆن بەرهەمی دەستدەكەوێت.
 
ئەمین رەئووف، دەڵێت: "ئەو جووتیارانەی كە تۆوی باش دەچێنن و خزمەتی باشی كێڵگەکەیان دەکەن لە چاندنی هەر دۆنمێک گەنمەشامی نزیكەی 500 تاوەكو 600 هەزار دیناریان دەستدەکەوێت".
 
پێچەوانەی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، بڕشتی گەنمەشامی لە پارێزگای سلێمانی كەمە، جووتیاران لە چاندنی دۆنمێك نزیكەی 600 تاوەكو 650 كیلۆیان دەست دەكەوێت، لە باشترین حاڵەتدا دەگاتە نزیکەی 2 تۆنە، بۆیە چاندنی ئەم بەرهەمە لەو پارێزگایە لە ئاستێكی لاواز دایە.
 
رزگار محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی، دەڵێت: "هۆكاری كەمی بڕشتی گەنمەشامی لە پارێزگای سلێمانی لەوانەیە بۆ جۆری تۆوی گەنمەشامییەكە و خراپی ئەو خاكانە بێت كە جووتیاران گەنمەشامی تێدادەچێنن، چونكە ئەو بەرهەم پێویستی بە زەویی بەراو و بە پیت هەیە".
 
بەپێی بەدواداچوونی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی، بەكاربردنی ساڵانەی گەنمەشامی لە سنووری ئەو پارێزگایە نزیكەی 60 تاوەكو 70 هەزار تۆنە و بەردەوامیش خواستەكە لە زیادبووندایە، بۆیە رزگار محەممەد دەڵێت: "دەبێت لە رێگەی مسۆگەركردنی كڕینەوەی بەرهەمەكانیان بە نرخێكی باش و پاڵپشتیكردنیان بە دابینكردنی تۆوی باش، هانی جووتیاران بدەین بۆ چاندنی زیاتری ئەم بەرهەمە". 
 
گەنمەشامی بەهایەكی بەرزی خۆراکی هەیە، پڕییەتی لە پرۆتین و ڤیتامین و توخمەخۆراكییەكانی دیكە. بۆ 40%ی پێكهاتەی ئالیکی پەلەوەر سوودی لێدەبینرێت، بۆیە لە جیهاندا گرنگی زۆر بە چاندنی دەدرێت. گەنمەشامی لە رووی بەرهەمەوە لەسەر ئاستی جیهاندا لەدوای گەنم و برنجەوە دێت.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو 35 كارگەی ئالیکی پەلەوەر و ماسی لە هەرێمی كوردستان هەن: (17 کارگە لە هەولێر، 5 لە دهۆك، 9 لە سلێمانی و 4 کارگەش لە گەرمیان) ئەم كارگانە ئەگەر بەتەواوی كاربكەن لە كاژێرێكدا 543 تۆن ئالیك بەرهەمدەهێنن، ئەم توانایەش زیاترە لە پێداویستی ناوخۆ بۆیە بەشێك لە كارگەكان بەرهەمەكانیان هەناردەی شارەكانی عێراق دەكەن.
 
ئەم كارگانە پێشتر 100% پشتیان بە گەنمەشامی هاوردە دەبەست، بەڵام دوای ئەوەی وەزارەتی كشتوكاڵ بە ئامانجی كڕینەوەی بەرهەمی ناوخۆ لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمدا، هاوردەکردنی گەنمەشامی قەدەخەكرد، چەند كارگەیەك ئامێری وشکكردنەوەی گەنمەشامیان كڕی و دەستیان بە كڕینەوەی بەرهەمی جووتیاران كرد، ئێستا 3 كارگە ئامێری وشكکردنەیان هەیە.
 
كارگەی باراش یەكێكە لەو كارگانەی بەرهەمی ناوخۆ دەكرێتەوە. بارزان عەدنان، بەڕێوەبەری گشتی كارگەکە بە (رووداو)ی گوت:ماوەی چوار ساڵە گەنمەشامی جووتیاران دەكڕنەوە، تەنیا لە دوو ساڵی رابردوودا نزیكەی 45 هەزار تۆن  گەنمەشامیان لە جووتیاران کڕیوەتەوە. پێشبینیش دەکات ساڵی رابردوو کارگەکانی ئالیک نزیکەی 90 هەزار تۆن گەنمەشامییان لە جووتیاران کڕیبێتەوە.
 
ساڵی 2019 كارگەكانی ئالیك تۆنێك گەنمەشامیان بە 250 تاوەكو 260 هەزار دینار لە جووتیاران کڕی، مەرجەی رێژەی شێ لە 12% زیاتر نەبێت، بە پێچەوانەوە بۆ زیادبوونی هەر ژمارەیەك 4 هەزار دینار دەشكاند، بەڵام ساڵی رابردوو بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گەنمەشامی لە بۆرسەی جیهاندا تۆنێك گەنمەشام نمرە یەكیان بە 310 تاوەكو 315 هەزار لە جووتیاران كڕییەوە.
 
بارزان عەدنان دەڵێت: "نرخی كڕینەوەمان پەیوەست كردووە بە بۆرسەی جیهانی، ساڵی رابردوو گەنمەشامی گرانبوو بە 300 تاوەكو 310 دۆلار دەگەیشتە هەولێر، بۆیە ئێمە سەرەتا ئەو گەنمەشامیانەی كە رێژەی شێیان 12% بوو بە 310 تاوەكو 315 هەزار دینارمان لە جووتیاران دەكڕییەوە، بەڵام دواتر نرخ دابەزی تۆنێكمان بە 250 تاوەكو 260 هەزار لە جووتیاران دەكڕییەوە".
 
بەگوتەی ئەم خاوەن كارگەیە لە كۆی ئەو 35 كارگەیەی لە كوردستان هەن، 26 كارگەیان چالاكن، نزیکەی 20 كارگەیان بە وزەی باش كاردەكەن، ساڵانە 450 تاوەكو 500 هەزار تۆن گەنمەشامی بەكاردەهێنن کە 85%ی هاوردەیە.
 
كەشوهەوا و ئاو و خاكی هەرێمی كوردستان گونجاوە بۆ چاندنی گەنمەشامی، دەتوانرێت ئەم بەرهەمە لە هەردوو وەرزی بەهار و هاویندا بچێندرێت و تەواوی ئەم پێویستییەش لە ناوخۆ دابین بكرێت.
 
بارزان عەدنان، دەڵێت: "هەلێکی باشە بۆ جووتیاران گەنمەشامی بچێنن و وەبەرهێنانی تێدا بکەن، چونكە پێشتر تەنیا سێ كارگە ئامێری وشكکردنەوەیان هەبوو بەرهەمیان دەكڕییەوە، ئەمساڵ سێ كارگەی دیكەش دامەزراون، لە ساڵانی داهاتوودا كێبڕكێ لەنێوان كارگەكان دروست دەبێت و نرخی كڕینی گەنمەشامی زیاتر بەرز دەبێتەوە".
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان. وێنە: وەزارەتی کشتوکاڵ

پار هەرێمی کوردستان نزیکەی 40 هەزار تۆن پەتاتەی هەناردە کردووە

پار لە هەرێمی کوردستانەوە دەیان تۆن پەتاتە، سێو و هەنار هەناردەی دەرەوە کراون، زۆرترینیان بۆ وڵاتانی کەنداو بووە. هەناردەکردنی هەنار کەمی کردووە و پەتاتەش زیادی کردووە.