بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ نرخی تەماتە بەرز دەکاتەوە

24-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی لەسەر داوای جووتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی تەماتەی قەدەخە کرد، ئەمڕۆ نرخی تەماتە بەرزبووەوە. 
 
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی، 24-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ پێش بڕیاری عێراق کیلۆیەک تەماتەی بەسرە بە کۆ 450 دینار بۆ 500 دینار بوو، ئەمڕۆ کە هێشتا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، گەیشتووەتە 650 دینار".
 
نرخی کیلۆیەک تەماتەی هاوردەکراوی ئێرانی 750 دینار بووە، ئەویش نزیکەی 200 دینار بۆ هەر کیلۆیەک نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
 
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "بڕیاری قەدەخەی هاوردەکردنی تەماتە لە 26ـی ئەم مانگە جێبەجێ دەکرێت، بەمەش نرخی تەماتە زیاتر بەرز دەبێتەوە و لە بازاڕەکاندا کیلۆی بە 1500 دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانیان".
 
دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەسەر داواکاری جووتیارانی نێوەراست و خوارووی عێراق، بڕیاڕدرا بە قەدەخەی هاوردەکردنی تەماتە".
 
سەروەر عەلی دەڵێت: "جووتیارانی عێراقیش لەکاتی پێگەیشتنی تەماتەی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پێنجوێن بە تایبەتی، هاوردەکردن قەدەخە دەکەن لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی هەرێمی کوردستان". 
 
بە گوتەی بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، تەماتەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق هێندە زۆر نییە بەشی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان بکات و گوتی: "ئەمڕۆش لە عەلوەی سلێمانییەوە تەماتەی هاوردەکراوی ئێرانی رەوانەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە".
 
لە هاویندا کە بەرهەمی تەماتەی هەرێمی کوردستان پێدەگات، هاوردەکردنی بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە