ئیمارات: هێرشەکەی سەر کۆرمۆر پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانە

27-04-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیمارات، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکات، پشتیوانیش بۆ عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆر" دووپات دەکاتەوە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کێڵگەی گازی کۆرمۆری کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتیی بێتاوانی یەمەنی." 
 
وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئیمارات سەرکۆنە و دژایەتیی تووندی هەر هێرشێکی تیرۆریستی دەکات، کە ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش بێت لە عێراقی برا. هێرشەکە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانە." 
 
ئیمارات ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ هاوئاهەنگی لە تەواوی ئەو رێوشوێنانەی ''عێراقی برا'' دەیانگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیری. 
 
ئیمارات دەڵێت، پشتیوانیی عێراقیش دەکات لە "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر"؛ پەرۆشیشە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری [لە عێراق]."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە یەمەنییانە دەردەبڕێت کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستدا.
 
ئێوارەی دوێنێ (هەینی) بە درۆن کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ کرایە ئامانج.
 
پێنج کۆمپانیا لە کێڵگەکە کاری بەرهەمهێنانی گاز دەکەن؛ دووانیان ئیماراتین (دانا گاز) و (هیلال)ـن. هەریەک لەو دوو کۆمپانیایە، خاوەن 35٪ـی پشکەکانی کێڵگەی گازی کۆرمۆرن.
 
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی.
 
کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی گازی سرووشتییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە 500 ملیۆن پێ سێجایە. یەدەگەکەشی بە 16 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە