رووداو دیجیتاڵ
جۆرج ئالبێرتۆی تەمەن 65 ساڵ یەکێکە لەو هەزاران جووتیارەی کە بە تراکتۆرەکانیانەوە رژاونەتە سەر شەقامەکانی بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین. ئەوان نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی نرخەکانی سووتەمەنی و پەینی کیمیایی، کە تێچووی بەرهەمهێنانیان زیادکردووە.
جۆرج ئالبێرتۆ، جووتیاری ئەرجەنتینی دەڵێت، "هەموو شتێک نرخەکانی بەرزبووەتەوە. زۆر ئەستەمە بەو نرخانەوە هەڵبکەین. بە تەنیا لە ماوەی چەند مانگێکدا نرخەکانی سووتەمەنی و پارچەی یەدەکیان چەند هێندە بەرزکردووەتەوە. کارکردن لە کیڵگەکان ئەستەم بووە."
هەرچەندە ئەرجەنتین یەکێکە لەو وڵاتە کشتوکاڵییانەی کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان سوودمەند بووە، بەڵام جووتیاران دەڵێن قازانجەکەی ناڕواتە گیرفانی ئەوان؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە کە حکومەتی ئەو وڵاتە باجی قورسی لەسەر جووتیاران سەپاندووە.
داریۆ ماگی، جووتیاری ئەرجەنتینی ئاماژە بەوە دەکات، "بەداخەوە رەوشەکەمان باش نییە. ئێمە ناتوانین بەرژەوەند بین لە بەرزبوونەوەی نرخەکان و ئەو هەمووە بەرهەمەی کە هەمانە ناڕواتە خزمەتی وڵاتەوە. ئەوان ئەو باجەی لێمان وەردەگرن هی خۆمانە، بەڵام ئەوان بەفیڕۆی دەدەن. نە سوودێکی بۆ ئیمە هەیە و نە قازانجێکی بۆ هاووڵاتییەک."
ئەرجەنتین یەکێکە لە بەرهەمهێنەرانی گەورەی گەنم، گەنمەشامی و دانەوێڵەکانی دیکە لەسەر ئاستی جیهان. بەپێی رێکخراوی فاو لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا نرخەکانی دانەوێڵە بە رێژەی 70% بەرزبوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا رێکخراوی کشتوکاڵی ئەرجەنتین ئاشکرای کردووە 64.9%ی داهاتی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان وەکو باج لە جووتیاران لەلایەن حکومەتەوە وەردەگیرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ