رووداو دیجیتاڵ
رێکارەکانی گەنجینەی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر بازرگانیی نەوتی رووسیا داناوە و ئێستا بانکەکانی چین، تورکیا و ئیمارات بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ مۆسکۆ دەکەن و بەئاسانی پارەی نەوتەکەی نادەن.
رۆژی چوارشەممە، 27-3-2024 هەشت سەرچاوەی بانکی و بازرگانیی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاند، بەهۆی کاریگەریی سزا و رێکارەکانی ئەمریکا لەسەر بانکەکان، چەندین مانگە چین، تورکیا و ئیمارات ناتوانن پارەی نەوتی رووسیا بدەن.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، چەند بانکێک لەو سێ وڵاتە لە هەفتەکانی رابردوودا ئاستی پابەندبوونیان بە سزا و مەرجەکانی ئەمریکا بەرزکردووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی دواکەوتنی پێدانی شایستە داراییەکانی نەوتی رووسیا و، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا رەتکردنەوەشی.
ئێستا بانکەکان لە تورکیا و ئیمارات، ترسیان لە زیادبوونی سزای دیکەی ئەمریکا هەیە. بەو هۆیەوە داوا لە بریکار و مامەڵەکارانیان دەکەن پسوولەی نووسراویان پێبدەن بەوەی کە ئەو مامەڵەیەی دەیکەن، هیچ لایەن یاخود کەسایەتییەک لێی سوودمەند نابێت، کە لە لیستی سزاکانی ئەمریکایە.
بەپێی دوو سەرچاوەی ئیماراتی، هەردوو بانکی "بانکی یەکەمی ئەبوزەبی" و "بانکی دوبەی ئیسلامی" چەندین هەژماریان هەڵپەساردووە کە پەیوەندیدارن بە مامەڵەکردن بە کاڵاکانی رووسیا.
بە گوتەی چوار سەرچاوەی دیکەش، بانکی "مەشریق"ـی ئیماراتی، "زیرعات" و "ڤەکیف بانک"ـی تورکی و، بانکەکانی "ICBC" و "بانکی چین" بەردەوامن لە پارەدارکردنی مامەڵە پەیوەندیدارەکان بە رووسیاوە، بەڵام راییکردن و جێبەجێکردنیان چەند هەفتە یان چەند مانگێک دەخایێنێت.
لای خۆیەوە، دمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن ئاماژە بە هەبوونی کێشەکە دەکات، بەتایبەتی لە چین.
پیسکۆڤ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "گوشاری بێوێنەی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا لەسەر بانکی ناوەندیی چین بەرەوامە، ئەمەش بێگومان چەند کێشەیەک دروستدەکات، بەڵام ناتوانێت ببێتە بەربەست لەبەردەم گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانمان [لەگەڵ چین]".
لە دوای هێرشی سەر ئۆکراینا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا کۆمەڵێک سزایان بەسەر رووسیا سەپاند، لەنێویشیاندا قەدەخەی مامەڵەکردن بە نەوتی رووسیا بە زیاتر لە 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە کۆتا مانگی ساڵی 2022ـدا.
بەهۆی بڕیارەکەوە، هەناردەی نەوتی رووسیا و پێدانی شایستە داراییەکانی لە مانگەکانی سەرەتای دوای بڕیارەکە پچڕان، بەڵام دواتر رووسیا ئاراستەی هەناردەی نەوت و زۆرینەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لە رۆژئاواوە بەرەو رۆژهەڵات گۆڕی و لە سەرووی ئەو ئاستەوە مامەڵە بە نەوتی رووسیا دەکرا، کە رۆژئاوا دیاریکردبوو.
بەڵام پێدەچێت ئێستا کێشەکە لە رۆژهەڵاتیش سەری هەڵدابێت؛ وەک سەرچاوەیەک دەڵێت، لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2023ـوە کێشەکان دروستبوونەتەوە، ئەوەش دوای کە بانکەکان و کۆمپانیاکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە هەڕەشەی سزاکانی ئەمریکا "راستەقینە"ـن.
سەرچاوەکە ئاماژە بە فەرمانێکی جێبەجێکاریی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەکات کە لە 22ـی کانوونی یەکەمی 2023 بڵاوبووەتەوە و داوا لە بانکە بیانییەکان دەکات پابەند بن بە بڕیاری دیاریکردنی نرخی نەوتی رووسیا و هۆشداری دەدات کە لە ئەگەری خۆدزینەوەیان، سزا دەدرێن.
لەدوای دەستپپێکی شەڕی ئۆکرایناوە، ئەمە یەکەمین هەڕەشەی راستەوخۆی ئەمریکا لە بانک و کۆمپانیاکانی رۆژهەڵاتە، ئەوەش رووسیا دەکاتە هاوتای ئێران لە قەدەخەی مامەڵەی بازرگانی.
لەدوای فەرمانەکەی گەنجینەی ئەمریکا، ئەو بانکانەی چین، ئیمارات و تورکیا کە مامەڵە لەگەڵ رووسیا دەکەن، پشکنین و رێکارەکانیان زیادکردووە و داوای بەڵگەنامەی زیاتر بۆ مامەڵەکان دەکەن.
هەروەها ئەو بانکانە ئێستا مەشق و راهێنان بە کارمەندانیان دەکەن، تاوەکو دڵنیاببنەوە لە پابەندبوون بە رێکارەکانی ئەمریکا.
ئەوەی سەرچاوەکان لەسەری هاوڕا نین، ماوەی دواکەوتنی مامەڵەکانی پێدانی شایستەکانی نەوتی رووسیایە؛ سەرچاوەیەک دەڵێت دوو مانگ و، سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێت، دوو بۆ سێ مانگ دوادەکەون.
بە گوتەی سەرچاوەیەک، "نەک تەنیا ئەو مامەڵانەی بە دۆلارن، بەڵکو ئەو مامەڵانەی بە یوانی چینی و رۆبڵیشن، چەندین هەفتەیان پێدەچێت تاوەکو جێبەجێ دەکرێن".
مەبەست لە رێکارەکانی ئەمریکا ئەوەیە رێگری لەوە بکات دۆلاری وڵاتەکە بگاتە ئەو کەس، لایەن و وڵاتانەی کە پشتیوانیی جەنگ و تیرۆر دەکەن وەک خۆی دەڵێت، دیارترینیشیان رووسیا و ئێرانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ