رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ ئابووریی ئەڵمانیا گەشە نەکات. وەزیری ئابووریی وڵاتەکە، پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکای تۆمەتبارکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 24-04-2025، رۆبەرت هاکبێک، وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا گوتی: "سیاسەتی بازرگانیی ئەمریکا لە هەڕەشەکردن و سەپاندنی پێناسی گومرکی، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووریی ئەڵمانیا هەیە، کە ئابوورییەکی زیاتر هەناردەکارە."
پێشتر حکومەتی ئەڵمانیا پێشبینی گەشەی 0.3٪ لە بەرهەمی نێوخۆیی کردبوو، ئەمە لە کاتێکدایە ئەڵمانیا گەورەترین ئابووری لە ئەورووپا هەیە و دوو ساڵە لە پاشەکشەدایە. وەزارەتەکە پێشبینیی گەشەی ساڵی 2026ـی لە 1.1٪ بۆ 1٪ کەمکردەوە.
ئەمریکا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئەڵمانیایە و پار نزیکەی 10٪ـی هەناردەکانی بەرلینی بۆ چوو.
ئیدارەی ترەمپ ئیستا پێناسی گومرگیی 10٪ـی بەسەر هەناردەی یەکێتیی ئەورووپا سەپاندووە، پێشتر رێژەی 20٪ـی راگەیاندبوو بەڵام دواتر راگیرا.
هابێک گوتی: "پێناسە گومرکییەکان و ئاڵۆزییەکانی سیاسەتی بازرگانی زیانی زیاتر لە ئابووری ئەڵمانیا دەدەن بەراورد بە نەتەوەکانی تر."
وەزیری ئابووری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەرلین گوتی: "ئێمە پشت بە بازاڕی کراوە و کارا دەبەستین. ئەوە وایکردووە ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بێت."
بەرهەمی ناوخۆیی ئەڵمانیا بە 0.3٪ لە ساڵی 2023 و بە 0.2٪ لە ساڵی 2024 بچووک بووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئۆکراینا لە 2022 لەلایەن رووسیاوە هێرشی کرایەسەر و نرخی وزە بەرزبووەوە.
لەلایەکی دیکە، ئەڵمانیا رووبەڕووی رکابەریی تووندی چینی لە پیشەسازییە سەرەکییەکاندا وەکو ئۆتۆمبێل و ئامێر بووەتەوە.
هابێک گوتی: "هاوبەشە بازرگانییە گەورەکانمان، چین و ئەمریکا و رووسیا، کێشەمان بۆ دروست دەکەن."
'شتێک بە ناوی (لە ئەڵمانیا دروستکراوە) نەما'
ھابێک ھەروەھا گوتی، حکومەت ھەنگاوی کەمی بۆ ھاندانی ئابووری ناوە؛ ئەمەش لەوکاتەوەی ھاوپەیمانێتیی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە تشرینی دووەم رووخا و لە مانگی شوبات هەڵبژاردن کرا، بەڵام هێشتا حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە.
وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا رایگەیاند: "بۆ ماوەی نیو ساڵە، ھیچ دەستپێشخەرییەک بۆ وەستانی ئابووری نەکراوە."
لەڕوانینێکدا بۆ پێشەوە، ھابێک ھیوای خواست لەژێر دەسەڵاتی فرێدریش مێرتز، کە چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی ئایار دەسەڵات بگرێتە دەست، پاکێجی خەرجیی نوێ کە بەھای سەدان ملیار یۆرۆیە، بتوانێت یارمەتیی زیندووکردنەوەی ئابووری بدات.
ھابێک گوتی: "باشە کە لە کۆتاییدا سەرمایەگوزاری دەکرێت،" گوتیشی کە وەبەرهێنانەکان "دەتوانن تاوەکو رادەیەک قەرەبووی کورتهێنانی بازرگانی بکەنەوە."
ھابێک ھەروەھا داوای لە جێگرەوەکانی کرد یەکێتی و سەربەخۆیی ئەورووپا بەھێزتر بکەن تاکو ئەڵمانیا بتوانێت خۆی لە دژی زەبەلاحە ئابوورییەکان رابگرێت.
ئەو گوتی: "دروستکراوی ئەڵمانیا کۆتایی ھات. ئێمە بازاڕێکی تاکەکەسین و لە رێگەی ئەو بازاڕەوە سەرمایەگوزاری بۆ ئەورووپا دەگەڕێنینەوە. پێویستە پشتگیری لە یەکێتیی ئەورووپا بکەین و هەڵوێستمان روونبێت، بە متمانەوە لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکەین و بۆ وەڵامدانەوەش ئامادەبین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ