کۆمپانیای ئاسیاسێڵ: داهاتی پار بەراورد بە پێرار 12.8٪ زیادیکردووە

24-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، ئەنجامە داراییەکانی خۆی لە ساڵی 2024 بڵاوکردەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، بەراورد بە 2023، داهاتی کۆمپانیاکە 12.8% زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 1.9 ترلیۆن دینار.
 
رۆژی 23ـی نیسانی 2025، کۆمپانیای پەیوەندییەکانی ئاسیاسێڵ لە راگەیێندراوێکدا ئەنجامە داراییەکانی ساڵی 2024ـی خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ئەنجامی دارایی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە ساڵی 2024دا، کە داهاتەکەی بەراورد بە ساڵی پێشوو 12.8% زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 1.9 ترلیۆن دیناری عێراقی. هەروەها کۆمپانیا قازانجی پێش پێدانی سوودەکان و باجەکان و کەمبوونەوەی زەمەنی بەها و سرینەوەی زەمەنی بەها (EBITDA)ی 860 ملیار دیناری عێراقی تۆمارکردووە."
 
ئاسیاسێڵ ئاماژە بەوە دەکات، گەشەی 18.1%یان بەدەستهێناوە، "لەکاتێکدا قازانجی تەواو بەدەستهاتوو گەیشتووەتە 394 ملیار دینار، کە زیادبوونێکی بەرچاوی بە رێژەی %12 تۆمارکردووە. ئەم ئەنجامە رەنگدانەوەی سەرکەوتنی پلانەکانی کۆمپانیا و کارایی جێبەجێکردنیانە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "بنکەی بەشداربووانی ئاسیاسێڵ فروانتر بووە و لە کۆتایی ساڵی 2024ـدا بووە بە 19.1 ملیۆن بەشداربوو، لە کاتێکدا ژمارەکە لە ساڵی 2023 ـدا 17.7 ملیۆن بەشداربوو بووە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی ستراتیژییەکانی کۆمپانیایە بۆ راکێشانی توێژی نوێ لە بەشداربووان و بەرزکردنەوەی هەستی دڵسۆزی بەشداربووانی ئێستای."
 
فارووق مستەفا رەسوڵ، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئاسیاسێڵ رایگەیاند، "ئاسیاسێڵ بەردەوام دەبێت لە بەرەوپێشچوون بۆ داهاتوو بە ئاراستەیەک کە رەنگدانەوەی پابەندبوونییەتی بە داهێنان و گەشەسەندنی بەردەوام."
 
فارووق مستەفا گوتیشی، "ئێمە پاپەندین بەوەی هاوشانی سەردەمییانەترین تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزارییە جیهانییەکان بڕۆین، بەجۆرێک  کە ئاسانکاری بکات لە دابینکردنی پێداویستییە روو لە زیادەکانی بازاڕ و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی بەشداربووانمان و کۆمەڵگەی عێراقی بە هەمان ئاست، لە رێگەی چارەسەرە تەکنەلۆژییە پێشکەوتووەکانەوە کە پاڵپشتی وەرچەرخانی دیجیتاڵی دەکات و پێگە پێشەنگەکەمان لە کەرتی پەیوەندییەکان پتەوتر دەکات."
 
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایدەگەیەنێت، "سەرجەم ئەو زانیارییانەی خراونەتە بەردەست، پەیوەستن بە ساڵی دارایی 2024ـەوە کە تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی 2024 تۆمارکراون، هیچ ئاماژەیەک یان پێشبینیەکی تایبەت بە ساڵی 2025 ناگرێتەوە."
 
ئاسیاسێڵ جەخت لە پابەندبوونی خۆی دەکاتەوە، بۆ کێبڕکێکردنی دادپەروەرانە لە کەرتی پەیوەندییەکانی عێراق و، "رەتکردنەوەی هەر جۆرە قۆرخکارییەک، بەو باوەڕەی کە بازاڕێکی کێبڕکێکار پەرە بە داهێنان دەدات و کوالیتی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان باشتر دەکات."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە