رووداو دیجیتاڵ
عێراق بووە ئەندام لە سەکۆی ئاڵوگۆڕ (تەبادول)ـی ئیماراتی بۆ بازرگانیی ئەلیکترۆنی. راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەندامبوون لەو سەکۆیە پارەی نەختینە لە عێراق زیاد دەکات و بەهای دیناریش بەرزدەکاتەوە.
دوێنێ 23ـی نیسان، بازاڕی عێراق بۆ کاخەزە داراییەکان و دەستەی کاخەزی دارایی عێراقی گرێبەستێکی هاوبەشیان لەگەڵ بازاڕی کاخەزە داراییەکانی ئیمارات واژۆ کرد و عێراق بووە ئەندام لە سەکۆی ئاڵوگۆڕی ئیماراتی بۆ بازرگانیی ئەلیکترۆنی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وڵاتەکەمان بووەتە نۆیەمین ئەندامی ئەو سەکۆ هەرێمییە پێشکەوتووە، ئەندامبوونیش لەو سەکۆیە، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی وڵات لە ئاستی هەرێمی و سنووری کارکردنی وەبەرهێنەرانیش فراوانتر دەکات."
د. مەزهەر محەممەد گوتیشی، "بە ئەندامبوون لە تەبادول، پارەی نەختینەیی زیاد دەکات و عێراق دەکاتە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی دارایی لە ناوچەکەدا، جگە لەوەی ژێرخانی بازاڕی دارایی عێراقیش پەرەپێدەدات، بە وەرگرتنی تەکنەلۆژیای بازرگانیی ئەلیکترۆنی مۆدێرن. هەروەها ئاسۆی وەبەرهێنان فراوانتر دەکات و وەبەرهێنەرە نیشتمانییەکان دەتوانن دەستیان بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی هەرێمیی و جیهانی بگات."
وەک راوێژکارەکەی سوودانی دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە ئەندامبوون لەو سەکۆیە، هێز بۆ دیناری عێراقی زیاد دەکات و وادەکات تەنیا پشت بە دۆلار نەبەسترێت بۆ وەبەرهێنان."
سەکۆی 'تەبادول' کە بارەگاکەی لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیماراتە و سەر بە بازاڕی ئەبوزەبییە بۆ کاخەزە داراییەکان، لە ساڵی 2022 دامەزرا و یەکەمین سەکۆی ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنییە لە ناوچەکەدا.
لە سەکۆکەدا بۆرسەکانی هەریەکە لە ئیمارات، بەحرەین، کازاخستان و عومان تێیدا ئەندامن، جگە لە بەشداری کردنی دەیان کۆمپانیای وەبەرهێنانی دیکە.
بەگوێرەی سەکۆی 'تەبادول'، ئامانجیان باشترکردنی هاوکاری هاوبەش و زیادکردنی نەختینەیە لە بازاڕەکانی ئەندامەکاندا، ئەوەش لە رێگەی چالاککردنی بازرگانیکردن لە نێوان بازاڕەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ