رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێک دەڵێت، خولانەوەی سەرمایە هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ نەک ئەو رووداوانەی رۆژانە باس دەکرێن. دەشڵێت، نرخی دراوە دیجیتاڵییەکان بەرزدەبنەوە.
د. فەرهەنگ مەغدید، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان و دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت، "وەکو خۆم کە نزیکەی 10 ساڵە هاتوومەتە بازاڕەکەوە، لە 2017ـەوە پێشبینیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕمان کردووە. پسپۆڕانی پێش ئێمە لە ساڵی 2000ـیشەوە پێشبینیی بەرزبوونەوەی بەڕادەی ئێستایان کردووە".
د. فەرهەنگ گوتی، "هەندێک دیاردەی ئابووری هەیە کە روودەدات، بەتایبەتی لە 100 ساڵی رابردووەوە کە پێی دەڵێن، (خولانەوەی سەرمایەداری)، واتە سەرمایە و پارە لە سێکتەرێکەوە دەچێتە سێکتەرێکی دیکە. ئەوەش بە سوودوەرگرتن لە کاریگەری و رووداوەکانی ئابووریی گشتی".
"کاتێک ئەو خولانەوەی سەرمایەداری روودەدات، خواست و برەوی بۆرسە کەمدەبێتەوە و برەوی زێڕ و زیو زیاد دەبێت. ئەوەش نرخەکەیان بەرزدەکاتەوە". ئەو قسانەی د. فەرهەنگ لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ـی رۆژی پێنجشەممە 24-4-2025 کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد.
لەبارەی مامەڵەکردنیشەوە ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەدات: "لەکاتی مامەڵەکردن بە زێڕ دەبێت ئاگاداری تەوژم و رووداوە ئابوورییەکان بن و لێکۆڵینەوەی وردی لەبارەوە بکەن، کاتێک مامەڵەی زێڕ و زیو دەکەیت، گرنگە کەسی پسپۆڕ لە تەنیشتتەوە بێت و پێت بڵێت تەوژمی بەرزبوونەوە و دابەزینی زێڕ چ کاتێک دەبێت".
لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕیشەوە د. فەرهەنگ گوتی: "خەڵک بەردەوام باسی هەندێک رووداوی سیاسی و سەربازی و جەنگ دەکەن و دەیبەستنەوە بە زێڕ، بەڵام ئەمە دروست نییە. گرنگتر ئەوەیە بەدواداچوون بۆ راپۆرتەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و قسەکانی سەرۆکەکەی بکرێت لەبارەی هەڵاوسان و رێژەی سوودی بانکی کە ئەمەیان واقیعیترە". بەڵام نەیشاردەوە رووداوە سیاسییەکان و جەنگەکانیش بەڕادەی خۆیان "کاریگەرییان لەسەر نرخی زێڕ دەبێت".
د. فەرهەنگ مەغدید گوتی: "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی خێرا بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، دابەزینی بۆرسە و بازاڕی پشکەکانە بەهۆی خولانەوەی سەرمایە". ئەو پسپۆڕە دەشڵێت، "ئەگەرێکی دوورە زێڕ بۆ 2 هەزار دۆلار دابەزێتەوە. بگرە چاپکردنی زۆری پارە مەترسییە گەورەکەیە".
تەنیا لە سەردەمی کۆرۆنادا بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی پەتاکە، 15 تریلیۆن و 400 ملیار دۆلار چاپکرا. لە 2019ـشەوە تاوەکو 2024، پارەی چاپکراو گەیشتووەتە 22 تریلیۆن و 700 ملیار دۆلار. د. فەرهەنگ دەڵێت: "ئەوە تەنیا بڕیاری سیاسییە و پشتی بە هیچ شتێکی بەنرخی وەک زێڕ نەبەستووە".
پسپۆڕەکەی بازاڕە داراییەکان و دراوە دیجیتاڵییەکان پێشی وایە، "دابەزینی ئەم رۆژانەی دوایی نرخی زێڕ پەیوەندییەکی زۆری بە نەرمبوونەوەی هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەو (خولانەوەی سەرمایەداری)ـیەوە هەیە کە وادەکات پارەی زیاتر بخرێتە ناو زێڕەوە".
وێبسایتی دراوی دیجیتاڵیی ترەمپ رایگەیاند، لە 22ـی مانگی داهاتوودا 220 گەورەترین بەکارهێنەرانی دراوەکە بۆ ئێوارەخوانێک میوانی ترەمپ دەبن. ئەمە نرخی دراوەکەی ترەمپی نزیکەی 50٪ بەرزکردەوە و گەیاندیە 13 دۆلار.
د. فەرهەنگ مەغدید کە هاوکات پسپۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکانیشە دەڵێت، دراوەکەی ترەمپ شیاوی کڕین نییە و ئەم بەرزبوونەوەیەش کاتییە. گوتیشی، ئەم بەرزبوونەوە بەرچاوە بەو واتایە دێت کە دەکرێت دابەزینێکی بەرچاویش لە رێگە بێت. بەپێچەوانەشەوە بەرزبوونەوەی ئەمدواییەی نرخی بیتکۆین راستەقینە و درێژخایەنترە و ئەو دراوەیان شیاوی کڕین و وەبەرهێنانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ