هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بەهای دیناری دابەزاند

24-01-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، بەهای دینار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و 100 دۆلار لەکاتی داخستندا گەیشتە 151 هەزار و 600 دینار.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-01-2024، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 150 هەزار و 700 دینار بووە. 
 
لە سەرەتای مامەڵەکانی رۆژدا 100 دۆلار بۆ ئاستی 150 هەزار و 300 دیناریش دابەزی، بەڵام دواتر، وەک حاجی سابیر دەڵێت، بە کاریگەریی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، بەهای دینار دابەزی و 100 دۆلار لەکاتی داخستندا گەیشتە 151 هەزار و 600 دینار.
 
هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش ئەمڕۆ 100 دۆلار لەکاتی کردنەوەدا بە 151 هەزار دینار و، لەکاتی داخستنیشدا بە 151 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی دینارە.
 
بەرەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپاى ئەمریکا دوو بارەگاى حەشدی شەعبی لە هەردوو پارێزگاى بابل و ئەنبار بۆردوومانکرد.
  
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى کە گرووپەکانى نزیک لە حەشدى شەعبی بڵاویان کردووەتەوە، لە هەردوو هێرشەکەدا چەکدارێک کوژراوە و چوارى دیکە بریندارن.
 
لە پاش هێرشەکە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشانە وەڵامێکی راستەوخۆن بۆ زنجیرەیەک هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا لەلایەن ئەو هێزانەوە، کە ئێران سپۆنسەریان دەکات.
 
وەک رەوەز میرزا دەڵێت، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی دینار، بەرزبوونەوەی عمولەی حەواڵەکردن بووە بۆ تورکیا، هەروەها ئەمڕۆ دۆلار لە بازاڕدا کەمبووە.
 
هەریەک لە حاجی سابیر و رەوەز میرزا هاوڕان لەسەر ئەوەی نرخی دینار لە رۆژانی داهاتوودا پەیوەستە بە دۆخی سیاسیی عێراقەوە؛ لە ئەگەری کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکان، نرخی دینار بەرزدەبێتەوە، بەپێچەوانەشەوە زیاتر دادەبەزێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە