ئەنگۆلا لە ئۆپێک کشایەوە و نرخی نەوتی زیاتر لە دۆلارێک دابەزاند

21-12-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنگۆلا لە رێکخراوی ئۆپێک کشایەوە و بەوهۆیەوە نرخی نەوت زیاتر لە دۆلارێک دابەزی.

رۆژی پێنجشەممە 21-12-2023، دیامانتینۆ ئازێڤێدۆ، وەزیری نەوتی ئەنگۆلا بە ئاژانسی هەواڵی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەنگۆلا لە ئەندامێتیی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) دەکشێتەوە، چونکە ئەندامێتییەکە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکە ناکات.

ئەنگۆلا لە ساڵی 2007ـدا بووە ئەندامی ئۆپێک و رۆژانە نزیکەی ملیۆنێک و 100 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت لەکۆی 28 ملیۆن بەرمیلی گرووپەکە.

دوای هەواڵەکە، نرخی نەوت دابەزی و بەرمیلێک نەوتی برێنت زیاتر لە دۆلارێکی نرخەکەی لەدەستدا و بە 78.50 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

کشانەوەی ئەنگۆلا دەبێتە لەمپەرێکی دیکە لەبەردەم ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لەکاتێکدا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ یەکخستنی ئەندامان لە پشتیوانیکردنی نرخی نەوت.

مانگی رابردوو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس- کە لە 13 ئەندامی ئۆپێک پڵەس و 10 وڵاتی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوتیی دەرەوەی ئۆپێک پێکدێت- رایگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کەمدەکەنەوە.

ئازێڤێدۆ ناڕەزایەتیی بەرامبەر بڕیارەکە دەربڕی؛ ئاژانسی بلومبێرگیش لەسەر زاری ئێستێڤۆ پێدرۆ، پارێزگاری ئۆپێکی ئەنگۆلا بڵاویکردەوە، وڵاتەکە دڵخۆش نییە بەو بڕیارە و لەگەڵ ئامانجەکانی لە ساڵی داهاتوو ناگونجێت، بۆیە پێوەی پابەند نابن.

پێشتریش هەر بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئۆپێک پڵەسەوە، کۆبوونەوەی رێکخراوەکە لە 26ـی تشرینی دووەمەوە بۆ 30ـی هەمان مانگ دواخرابوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر شەرابی ئەورووپیدا دەکات

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی 200٪ پێناسی گومرگی بەسەر شەراب، شامپانیا و خواردنەوەکانی دیکەی دروستکراوی ئەورووپادا دەکات. ئەمەش وەک وەڵامدانەوە بۆ پلانێکی یەکێتیی ئەورووپا کە دەیەوێت پێناسی گومرگی بخاتە سەر ویسکی ئەمریکی.