عێراق بووەتە چوارەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ چین

21-08-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەناردەی نەوتی عێراق بۆ چین زیاتر لە 12٪ دابەزیوە.
 
بەپێی داتای گومرگەکانی چین، لە مانگی تەمموزدا عێراق 4 ملیۆن و 360 هەزار تۆن نەوتی هەناردەی چین کردووە، کە دەکاتە 33 ملیۆن و 330 هەزار بەرمیل.
 
بەم پێیە، عێراق لەو مانگەدا رۆژانە ملیۆنێک و 94 هەزار و 516 بەرمیل نەوتی هەناردەی چین کردووە.
 
بەراورد بە حوزەیرانی ئەم ساڵ، لە تەمموزدا هەناردەی نەوتی عێراق بۆ چین 12.1٪ کەمبووەتەوە.
 
لە حوزەیرانی ئەمساڵیشدا عێراق رۆژانە ملیۆنێک و 392 هەزار و 516 بەرمیل نەوتی هەناردەکردبوو. لەو مانگەدا، رووسیا، سعودیە و مالیزیا لەپێش عێراقەوە بوون لە هەناردەی نەوت بۆ چین.
 
رووسیا بە ملیۆنێک و 760 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، سعودیە بە ملیۆنێک و 500 هەزار و، مالیزیاش بە ملیۆنێک و 460 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە، سێ گەورەترین هەناردەکاری نەوت بوون بۆ چین.
 
لە تەمموزی ئەمساڵدا، چین بە تێكڕا رۆژانە 8 ملیۆن و 929 هەزار و 548 بەرمیل نەوتی هاوردە کردووە. عێراق لە پلەی چوارەەمە لە رووی گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ ئەو وڵاتە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە لە سەرەتای ئەمساڵدا عێراق گەورەترین هەناردەکاری نەوت بووە بۆ چین و 35٪ـی پێویستیی نەوتی ئەو وڵاتەی دابیندەکرد.
 
لەدوای تورکیا و ئێران، چین سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و عێراقە.
 
لە‌ نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان چین و عێراق گه‌یشته‌‌ 27.54 ملیار دۆلار، کە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو  14.4% زیادی کردووە. پێشبینی دەکرێت هەناردەی چین بۆ عێراق له‌ ته‌واوی ساڵه‌كه‌دا 16 ملیار دۆلاری ئەمریکی تێپەڕێنێت و بەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە