ئینەرفلێکس: دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین بۆ بەردەوامیی کارەکانی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر

21-08-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڵێندەری پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر دەڵێت، لەگەڵ دانەگاز گفتوگۆ دەکەن بۆ بەردەوامبوونی کارەکانیان. دەشڵێت، هێرشە درۆنییەکەی ئەمساڵ کاریگەریی لەسەر بەرهەمی گازی کۆرمۆر هەبووە.
 
ئینەرفلێکس، کۆمپانیای بەڵێندەری پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆتاییپێهێنانی گرێبەستەکەی لەلایەن کۆمپانیای دانەگازەوە بڵاوکردەوە.
 
ئینەرفلێکس دەڵێت، پێشتر بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی 25ـی نیسانی ئەمساڵ، بریکارەکەیان [دانەگاز] لە وەستانی چالاکییەکانی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر و کشانەوە کارمەندەکانیان ئاگادار کردبووەوە.
 
کۆمپانیاکە دەڵێت، سەرەڕای هەڕەشەکانی سەر پڕۆژەکە، بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و ئەگەری بژارەکان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی کۆرمۆر، لەگەڵ دانەگاز هاوئاهەنگ بوون.
 
ئینەرفلێکس لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت، سەرەڕای ئەو هەوڵانەیان، ئاگادارکراونەتەوە کە رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو، گرێبەستەکەیان کۆتایی دێت. 
 
کۆمپانیا بەڵێندەرەکە بە گومانەوە لە هەڵوەشاندنەوەی ئارەزوومەندانەی گرێبەستەکەی لەلایەن دانەگازەوە دەڕوانێت، بە هەوڵێکی "هەڵە"ـی دەزانێت و پێیوایە، بۆ پێنەدانی مافەکانی ئینەرفلێکسە بەپێی گرێبەستەکەی، لەکاتێکدا شوێنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر سەلامەت نییە؛ ئەنجامێک کە بە زانیارییە ئەمنییەکانی پسپۆڕانەوە پشتڕاستکراوەتەوە.
 
ئینەرفلێکس بەنیازە گفتوگۆ لەبارەی "هەڵوەشاندنەوەی گوماناوی و هەڵە"ـی گرێبەستەکەی لەگەڵ دانەگاز بکات و وەک بەڵێندەری پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بمێنێتەوە.
 
کۆمپانیای ئینەرفلێکس لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، تاوەکو حوزەیرانی ئەمساڵ، 85٪ـی کارەکانی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر تەواوکرابوون.
 
دوێنێ (سێشەممە) دانەگاز لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی 'پێرڵ پێترۆڵیۆم' بە فەرمی کۆتایی بە گرێبەستی کۆمپانیای (ئینەرفلێکس) هێناوە، کە بەڵێندەری پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆرە کە بە (KM 250) ناسراوە.
 
دانەگاز دەڵێت، شێوازی کارکردنی ئینەرفلێکس، کۆمەڵێک کێشەی لێکەوتووەتەوە، کە بووەتە هۆی دواکەوتنی پڕۆژەی پەرەپێدانی گازی کۆرمۆر، "ئینەرفلێکس ئەرکەکانی لە چوارچێوەی گرێبەستەکەیدا جێبەجێنەکردووە، لەبەرئەوەش زیانی لە پڕۆژەکە داوە، بە چەشنێک بووەتە هۆی دواکەوتنی پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر."
 
پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر بڕیار بوو تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەواو بێت؛ قەبارەی بەرهەمهێنانی گازی کێڵگەکە لە 500 ملیۆن پێ سێجا بەرزبکاتەوە بۆ 750 ملیۆن پێ سێجا.
 
کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆم لە کۆمپانیای دانەگاز و هیلالی ئیماراتی و سێ کۆمپانیای ئەوروپی پێکدێت. دوو کۆمپانیا ئیماراتییەکە خاوەنی 70٪ـی پشکەکانی کێڵگەی گازی کۆرمۆرن، سێ کۆمپانیای دیکەی وزەی ئەورووپیش پێکەوە خاوەنی 30٪ـی پشکی پڕۆژەکەن.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە