ئەپیکور بە فرۆشتنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە رازییە

21-06-2024
دیار کوردە @diyarkurda
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) و جیۆفری پاییت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە تەوقە دەکەن
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) و جیۆفری پاییت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە تەوقە دەکەن
A+ A-
رووداو - واشنتن

ئەپیکور بە فرۆشتنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە رازییە و سێ پێشنیازیش بۆ چارەسەرکردنی پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان دەکات.

پێشنیازەکان بەم شێوەیەن: یەکەمیان لە رێگەی پێدانی پارەکە لە سەرەتای هەناردەکردنی نەوت؛ دووەم لە رێگەی دانانی پارە لە هەژمارێکی بانکیی سەربەخۆ وەکو گەرەنتییەک و بژارەی سێییەمیش ئەوەیە حکومەتی عێراق دەتوانێت لەبری پارە، پشکی کۆمپانیاکان بە شێوەی بەرمیلی نەوت لە بەندەری جەیهان بە کۆمپانیاکان بدات و کۆمپانیاکان خۆیان نەوتەکە بفرۆشن.

رۆژی هەینی 21-06-2024 ژووری بازرگانیی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی بۆ ژمارەیەک کۆمپانیای نەوتیی ئەمریکی، لەنێویاندا ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لەگەڵ جیۆفری پاییت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە رێکخست.

لە کۆبوونەوەکەدا مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) و ماتیو زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN بەشداربوون؛ بەشێکی کۆبوونەوەکەش تایبەت بوو بە پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیاکان.

دوای کۆبوونەوەکە، مایڵز کاگینز بە رووداوی راگەیاند، "باڵیۆز پایت بۆ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی نەوت و گازی ئەمریکای روونکردەوە کە ئەمریکا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو هاوکاری عێراق بن سێکتەرێکی بەهێزی وزەی هەبێت."

کاگینز گوتیشی، جیۆفری پاییت لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی ئەمریکا و عێراق ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2030 عێراق سەربەخۆیی وزە بەدەستبهێنێت، بۆیەش "باڵیۆز پایت جەختی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی (هەرێمی کوردستان) لە رێگەی بۆریی نەوتی تورکیا و عێراق کردەوە."

سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، گوتەبێژی ئەپیکور بە رووداوی راگەیاند، "ئەپیکور هاوڕایە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە فرۆشتنی نەوت راستەوخۆ لە رێگەی سۆمۆ و هەناردەکردنەوەی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە باشترین بژارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا."

دەقی پرسیار و وەڵامەکانی دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور:

رووداو: ئەمڕۆ لەگەڵ باڵیۆز پاییت کۆبوونەوە، هەروەها لەگەڵ ژووری بازرگانیش کۆبوونەوە. چی لەبارەی کێشەکانتان و کێشەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەولێر و بەغدا، لەنێوان ئێوە و بەغدا باسکرا؟ هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی لەو کۆبوونەوەیە هەبوون؟

مایڵز کاگینز: ئەمڕۆ لە واشنتن، ژووری بازرگانیی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی رێکخست بە میوانداری باڵیۆز جیۆفری پاییت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە. لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا باڵیۆز پاییت بۆ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی نەوت و گازی ئەمریکای روونکردەوە کە ئەمریکا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ عێراق، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو هاوکاری عێراق بن سێکتەرێکی بەهێزی وزەی هەبێت؛ ئەمە کارێکی لەپێشینەی سەرۆکوەزیران سوودانی و ئیدارەی بایدنیشە کە عێراق سەربەخۆیی وزەی هەبێت. ئامانجەکەش ئەوەیە عێراق تاوەکو ساڵی 2030 بگات بە وزەی سەربەخۆ؛ باڵیۆز پاییت جەختی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی تورکیا و عێراق کردەوە. رووانینێکیش هەیە لە ئەپیکور کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت خۆشحاڵ بوون بانگهێشتکران و بەشداریان کرد لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی بەغدا. پێمان وایە پێویستە ئەو گفتوگۆیانە بەردەوام بن بۆ چارەسەکردنی کێشەکان.  

رووداو: ئەی بۆچوون و روانینەکانی باڵیۆز پاییت چی بوون لەسەر کۆبوونەوەکەی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق؟

مایڵز کاگینز: باڵیۆز پاییت باسی لەوەکرد کە خۆشحاڵە بە بینینی کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە بۆ دەستپێکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆری تورکیا – عێراق، بەڵام بەئاگابوو و دەیزانی کە دەبێت گفتوگۆی دیکەش بکرێن. باڵیۆز زۆر بەباشی ئاگاداری کەرتی وزەی عێراق، لەنێویاندا هەرێمی کوردستانە؛ هەروەها باسی لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ هەرێمی کوردستان کرد کە لەوێ ئاستی گرنگی وەبەرهێنانی نەوت و کۆمپانیا نەوتییەکانی بینی، هەروەها بینی بەرپرسانی حکومەت و بازرگانەکان کار لەسەر گەشەپێدانی کەرتی گاز و نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن. سەبارەت بە بۆری نەوتی عێراق – تورکیاش باڵیۆز پاییت ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بۆرییە گرنگە بۆ سەربەخۆیی وزەی عێراق و هەروەها بۆ بازاڕی وزەی جیهانیش؛ بۆیە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاندانی بەغدا تاوەکو بەخێرایی چارەسەری کێشەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی ئەو بۆرییەوە بکات، باسی لەوەش کرد گرنگە کۆبوونەوەی دیکەی سێ قۆڵی هەبێت لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان.

رووداو: ئەگەر دوایین پرسیارم بکەم. هەڵوێستی ئەپیکور چییە لەسەر هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی سۆمۆوە؟

مایڵز کاگێنز: ئەپیکور هاوڕایە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک لەم دواییە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند کە فرۆشتنی نەوت راستەوخۆ لەرێگەی سۆمۆ و هەناردەکردنی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە باشترین بژارەیە بۆچارەسەرکردنی کێشەی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا، بەڵام پێویستە دڵنیاییەک هەبێت، لە رێگەی پێدانی پارە لە پێشەکیدا یان دانانی پارە لە هەژمارێکی لایەنی سێییەم وەک گەرەنتیکارێک و لایەنێکی سەربەخۆی بانکی یان پارەدانێکی هاوشێوە لە رێگەی پێدانی پشکی بەرمیلی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە. ئەم رێکخستنە دەکرێت لە نێوان سۆمۆ و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بکرێت؛ ئەمە باشترین بژارەیە بۆ بەخێرایی چارەسەکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی عێراق – تورکیا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە