نامەی سەرنشینێکی کەشتیی تایتانیک دەخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە؛ لە 12 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات

21-06-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نامەی سەرنشینێکی ئۆروگوایی کەشتیی تایتانێک، دەخرێتە فرۆشتنی ئاشکراوە و نرخەکەی لە 12 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات.
 
مەزادخانەی زۆریلا لە ئۆروگوای رایگەیاند، نامەکە دوو پەڕە و لەلایەن "رامۆن ئارتاگاڤێتیا گۆمێز"ـەوە نووسراوە کە بازرگانێکی ئۆروگوایی 71 ساڵان بووە و بۆ "ئادۆلفۆ"ـی برای ناردووە. یەکێک لە پەڕەکانیش لە هەردوو لاپەڕەدا نووسراوە. مەزادخانەکە دەڵێت، 30ـی ئەم مانگە نامەکەی گۆمێز دەخەنە فرۆشتنی ئاشکراوە.
 
زۆریلا باس لەوەش دەکات، نامەکە لە ناوچەی کوینستاون لە ئێرلاندەوە نووسراوە کە دوایین وێستگەی پۆستە بووە تایتانیک لێی وەستابێت و نامەکە پێش تەنیا چوار رۆژ لە ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکە نووسراوە.
 
گۆمێز لە بەشێکی نامەکەدا وەسفی شوێنی دانیشتنەکەی لەنێو تایتانیک دەکات کە تایبەت بووە بە کەسانی خانەدان و نووسیویەتی، "هەموو شتێک نوێیە و تایبەتە بە دەوڵەمەندەکان".
 
نامەکە یاداشتێکی دەستنووسی تێدا زیادکراوە کە ئادۆلفو تێیدا نووسیویەتی "دوا نامە کە برای ئازیزم رامۆن نووسیویەتی". مەزادخانەی زۆریلا پێشبینی دەکات، نرخی نامەکە لەنێوان 15 بۆ 25 هەزار دۆلار بێت.
 
نامەکە هاوشان لەگەڵ کۆمەڵێک شتومەکی مێژوویی دیکەدا دەفرۆشرێت کە شوێنەوارەکانی کەشتییەکی دیکەی ژێرئاوکەوتووە لە زەریای ئەتڵەسی؛ ئەویش کەشتیی "ئەدمیراڵ گراف سپی"ـیە کە کەشتییەکی جەنگیی نازییەکانە. 
 
کەشتیی تایتانیک لە ساڵی 1912ـدا لە یەکەم گەشتی خۆیدا لە ئینگلتەرا بۆ نیویۆرک بە 2224 سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانییەوە بەر شاخێکی سەهۆڵ کەوت و نوقم بوو. زیاتر لە هەزار و 500 کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
 
پاشماوەی کەشتییەکە لە ساڵی 1985ـدا دۆزرایەوە. 
 
هەروەها ژێردەریایی "تیتان"ی سەر بە کۆمپانیای "ئۆشن گەیت"ـە؛ کاژێر 8ـی بەیانی رۆژی یەکشەممە بە 5 گەشتیارەوە چووە قوڵایی 3,800 مەتر لە زەریای ئەتلانتیک بۆ ئەوەی پاشماوەی کەشتیی تایتانیک ببینن. ژێردەریاییەکە و گەشتیارەکانیش تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە