دوو هاوژین لە دهۆک پارەی کڕینی کەلوپەلی جەژنیان دەدەنە هەژارێک

21-05-2020
ئەیوب نووری
نەوزاد و سوعاد بڕیاریانداوە بە ئۆنلاین جەژن بکەن
نەوزاد و سوعاد بڕیاریانداوە بە ئۆنلاین جەژن بکەن
نیشانەکردن جەژنی رەمەزان
A+ A-

رووداو - هەولێر 
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ، بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتن لە دهۆک کزبوون، بەشێک لە هاونیشتمانییانیش دەڵێن، ئەمساڵ کەلوپەلی جەژن ناکڕن. دوو هاوژینیش بڕیاریانداوە پارەی کڕینی کەلوپەلی جەژنیان بدەنە هەژارێک.
 
نەوزاد و سوعاد پێنج ساڵە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، ئەمساڵ بڕیاریانداوە بە ئۆنلاین جەژن بکەن و سەردانی کەسوکاریان نەکەن، نەوزاد ھلووری، دانیشتووی دهۆکە و دەڵێت "ئەو بڕە پارەیەی بۆ کەلوپەلی جەژن داماننابوو نزیکەی 100 هەزار دیناربوو، بەڵام لەگەڵ خێزانم بڕیارماندا بیدەینە ماڵێکی هەژار". 
 
ئەمە لەکاتێکدایە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زیانی لە بازاڕەکانی دهۆک داوە، زۆربەی ئەو خاوەن دووکانانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە دەڵێن، بازاڕیان بەراورد بە جەژنەکانی پێشوو 60% بۆ %70 دابەزیوە.
 
بازاڕی جلوبەرگ، شیرینی و چەرەسات زۆرترین زیانیان پێکەوتووە، لە دووکانەکان هەست بە قەرەباڵخی ناکرێت، دیار دۆسکی 10 ساڵە بازرگانی جلوبەرگە، ئەمساڵ بایی 100 هەزار دۆلار جلوبەرگی کڕیوە، بەڵام دەڵێت، تەنها 10%ـی جلوبەرگەکەی فرۆشتووە.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە رەمەزانی ساڵی رابردوو 300 تاوەکو 400 تۆن چکلێت و 400 تاوەکو 500 تۆن چەرەسات لە پارێزگای دهۆک فرۆشراون. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە