درێسەکانی مێسی لە مۆندیالی قەتەر دەفرۆشرێن

20-11-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مانگی داهاتوو درێسەکانی مێسی دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە و پێشبینی دەکرێت بەهاکەیان بگاتە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار، بەوەش ئەگەر هەیە ببێتە گرانترین کەرەستەی وەرزشی لە مێژوودا. بەشێک لە داهاتەکەشی بۆ منداڵانی نەخۆش تەرخان دەکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 20.11.2023 مەزادخانەی سۆتیبی رایگەیاند، شەش درێسی لیۆنێل مێسی کە لەکاتی یارییەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ مۆندیالی 2022 پۆشیبووی، لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە و پێشبینی دەکرێت بەهاکەیان بگاتە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار.
 
ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە لە گێمی یەکەمی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر سعودیە و مەکسیک و یارییەکانی قۆناخەکانی دواتر بەرامبەر ئوسترالیا، هۆڵەندا، کرواتیا و یاری کۆتایی بەرامبەر فەرەنسا درێسەکانی پۆشیوە.
 
سۆتیبی دەڵێت، ئەگەر بەڕاستی بەهای درێسەکان بگاتە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار، ئەوە دەکرێت ببنە گرانترین کۆکراوەی درێسی وەرزشی لە مێژوودا خرابێتنە فرۆشتنی ئاشکراوە.
 
گرانترین جلوبەرگی تاکەکەسی کە تائێستا لە زیادکردنێکی ئاشکرادا فرۆشرابێت، درێسێک بوو کە مایکل جۆردن، ئەفسانەی یاریی تۆپی باسکە لە کاتی یاریی کۆتایی خولی NBA لەگەڵ یانەی شیکاگۆ لە ساڵی 1998 پۆشیبووی.
 
درێسی ئەو یاریزانەی باسکە، ساڵی رابردوو، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە 10 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار فرۆشرا.
 
مەزادخانەکان لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر گرنگییان بە یادگارییە وەرزشییەکان داوە، کە بە بازاڕێکی گەشەسەندوو دادەنرێت.
 
درێسەکان لەلایەن کۆمپانیای تەکنەلۆجیای ئەمریکی AC Momento دەهێندرێنە زیادکردنی ئاشکراوە، کە یارمەتی وەرزشوانان دەدات لە بەڕێوەبردن و کۆکردنەوەی یادگارییەکانیان.
 
بەشێک لە داهاتی درێس و کەرەستە وەرزشییەکان دەبەخشرێتە پڕۆژەی یونیکاس، کە دەستپێشخەرییەکە لەگەڵ نەخۆشخانەیەکی منداڵانی بارسێلۆنا و یارمەتی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشییە دەگمەنەکان دەدات.
 
درێسەکانی لیۆنێل مێسی لە 30ـی ئەم مانگە تاوەکو 14ـی مانگی داهاتوو دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە. لەو ماوەیەشدا بینینی درێسەکان لە لایەن خەڵک و هاندەرانەوە بێبەرامبەر دەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە