بانکی ناوەندیی عێراق بە هۆشدارییەک بەهای دینار دادەبەزێنێت

20-11-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ لەکاتی داخستنی بازاڕدا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 158 هەزار دینار، هۆکاری سەرەکییش هۆشدارییەکی بانکی ناوەندیی عێراق بوو لەبارەی کارتە ئەلیکترۆنییەکان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 20.11.2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 157 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
حاجی سابیر دەڵێت، لەدوای کردنەوەی بازاڕ، بەهای دینار لە بەرزبوونەوەدا بوو؛ 100 دۆلار گەیشتە 157 هەزار و 150 دینار، بەڵام لەکاتی داخستنی بازاڕدا ئاراستەی بەهای دینار پێچەوانە بووەوە؛ بەهای دینار دابەزی و 100 دۆلار بە 158 هەزار و 150 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمڕۆ بانکى ناوەندیى عێراق هۆشدارىی دایە هاووڵاتییان لە خراپ بەکارهێنانى کارتى ئەلیکترۆنیى پارە لە دەرەوەى عێراق و دەڵێت، ئەو کارتە دەستەبەرکراوە بۆ ئەوەی پێداویستیى هاووڵاتیان بەشێوەیەکى باش و سرووشتى پڕ بکاتەوە.
 
حاجی سابیر باسی لەوە کرد، ئەم هۆشدارییەی بانکی ناوەندیی عێراق کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەهای دینار دانا و بووە هۆی دابەزینی.
 
وەک ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەڵێت، ئەگەر ئەو هۆشدارییە نەبووایە، بە ئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار بۆ خوار 157 دۆلار دادەبەزی.
  
کارتى ئەلیکترۆنیى پارە لە رێگەى بانکە حکومى و تایبەتییە مۆڵەتپێدراوەکانى بانکى ناوەندیی عێراق دروست دەکرێت، کە هاووڵاتیان لە رێگەى پڕکردنەوەیان مامەڵەی دارایی پێوە دەکەن، بەڵام هەندێکیان بۆ بە قاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوەى عێراق بەکاردەهێندرێن، دواى ئەوەى بە نرخى فەرمى لە بانکى ناوەندى دەکڕدرێن کە 1310 دینارە، لەکاتێکدا بەهاکەى لە بازاڕ زیاتر لە 1570 دینارە.
 
بانکى ناوەندیى عێراق ئاشکرایکردووە، هەر کەسێک بە شێوەیەکى "خراپ" ئەو کارتانە بەکاربهێنێت یان بە قاچاخ بیانباتە دەرەوە، ناوى دەخرێتە لیستى رەشەوە و رێوشوێنى یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر و جارێکى دیکە رێگەى پێنادرێت کارتى لەو جۆرە بۆ سەرجەم بەرهەمە داراییەکان دەربهێنێتەوە. 
 
هاوکات رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی کردنەوەی بازاڕی دۆلارەکە، 100 دۆلار بە 157 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکراوە، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار دابەزی و 100 دۆلار بە 158 هەزار و 250 بوو.
 
رەوەز میرزا بەهەمانشێوە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینار بۆ هۆشدارییەکەی بانکی ناوەندیی عێراق دەگەڕێنێتەوە.
 
ئەو ئاڵوگۆڕکارە دەڵێت، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دینار ئەوەیە کە ئەمڕۆ خواست لەسەر دۆلار زیادبووە، لە بەرامبەردا دۆلار "هەندێک" کەمە و هیچ ئاماژەیەک تاوەکو ئێستا بەدی نەکراوە لەوەی رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق هاتنی دۆلار بۆ نێو بازاڕ زیادبکەن.
 
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 233 ملیۆن و 107 هەزار و 562 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە، 213 ملیۆن و 517 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و، 19 ملیۆن و 590 هەزار دۆلاریشی بە شێوەی کاش بووە.
 
زیاتر لە ساڵێکە بانکی ناوەندیی عێراق چەندین رێکاری گرتووەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەهای دینار لە نزمیدایە.
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانی دەوام نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت و 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام زۆرینەی پارەکەی بۆ حەواڵەیە و نایەتە نێو بازاڕەکانی کوردستان و عێراقەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە