گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی: هەفتەی داهاتوو بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە

20-07-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی پێنجشەممە، بەهای 100 دۆلار نزیکەی دوو هەزار و 500 دینار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانیش دەڵێت، لە هەفتەی داهاتووەوە و رەنگە رۆژی یەکشەممە، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار "ئاسایی ببێتەوە."
 
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە رووداوی گوت، کاریگەریی سزادانی 14 بانکەکەی عێراق لەسەر بەهای دینار درێژە ناکێشێت و، ئەگەر هیچ "سوپرایزێکی سیاسی" روونەدات، هەفتەی داهاتوو بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار ئاسایی دەبێتەوە.
 
جەبار گۆران دەڵێت، بەدیاریکراوی هەر لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە ئەگەر بانکی ناوەندی پارەی پێویست بخاتە بازاڕەوە، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە.
 
گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی گوتیشی، پێشبینی دەکەن بەهای 100 دۆلار بگاتەوە 148 هەزار دینار یان زیاتر، بەڵام رەنگە بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کاتی زیاتری پێویست بێت.
 
جەبار گۆران باس لەوە دەکات، لە بنەڕەتدا ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندیی دیناری عێراقییە، چونکە بۆ رێگریکردنە لە بەقاچاخ بردنەدەرەوەی دۆلارە، بەوەش دۆلاری زیاتر دێتە بازاڕەوە بەهای دینار لە بەرامبەریدا بەرزدەبێتەوە.
 
ئەو گوتەبێژە دەشڵێت، ئەو بانکانەی ئەمریکا سزای داون، هێندە گەورە نین کە کاریگەریی زۆریان لەسەر بازاڕی دراو هەبێت و بانکی ناوەندی جێگرەوە و دەرچەی دیکەی هەن. دەشڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ بەهای دیناری بەو ئاستە دابەزاند، "ترسی زۆری خەڵک" بووە.
 
هاوکات حاجی سابیر، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە رووداوی گوت، پێشبینی دەکەن لە یەکشەممەی داهاتووەوە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دەست بە بەرزبوونەوە بکات و دەڵێت، رەنگە سەرەتا بەهای دینار کەمێک بەرزببێتەوە و 100 دۆلار بگاتە 150 هەزار و 200 بۆ 300 دینار.
 
گوتەکانی گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی؛ لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا 100 دۆلار بە 150 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەکرا. هەرچەندە لەو رۆژەدا بەهای 100 دۆلار گەیشتە 151 هەزار و 700 دینار، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 151 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا. 
 
بە گوتەی جەبار گۆرانیش، لەکاتی داخستنی بازاڕی دۆلاری سلێمانیدا، 100 دۆلار بە 150 هەزار و 500 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەکراوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 148 هەزار و 550 دینار و، لەکاتی داخستنیشدا بە 148 هەزار و 600 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوکرابوو.
 
بەم پێیە، بەراورد بە دوێنێ چوارشەممە، رۆژی پێنجشەممە، بەهای 100 دۆلار دوو هەزار و 400 دینار بەرزبووەتەوە لەکاتی داخستنی بازاڕدا.
 
شەوی چوارشەممە 19/7/2023 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقیدا قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردوون کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە.
 
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا ئەو سزایەی دوای ئەوە بەسەر ئەو بانکانەدا سەپاند کاتێک بۆی دەرکەوت ئەو بانکانە لە کردەکانی شووشتنەوەی پارە و مامەڵە داراییە گومانلێکراوەکان و مامەڵە فێڵکارییەکان تێوەگلاون، وەکو چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە.
 
هەروەها ئەو سزایانە رەنگە پەیوەست بێت بە کەسانێکەوە کە سزای ئەمریکایان لەسەر بێت و مەترسییەکان لەوەیە کە ئێران لەو کارانە سوودمەندبووبێت.
 
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، "گومانێکی بەهێزمان هەیە هەندێک لە کارەکانی سپیکردنەوەی پارە رەنگە بە سوود بگەڕێتەوە بۆ ژمارەیەک کەس کە سزای ئەمریکا دەیانگرێتەوە، یان بۆ بەرژەوەندیی کەسانێک کە سزاکان نەیگرتوونەتەوە."
 
رۆژی 6-11-2022، بانکی ناوەندیی عێراق پێدانی دۆلاری بە چوار بانک راگرت بە پاساوی" وردبینی"، بانکەکانیش بریتی بوون لە" بانکی ئەنساریی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی قابزی ئیسلامی بۆ پارەدارکردن و وەبەرهێنان، بانکی ئاسیای عێراقی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وەبەرهێنان."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە