نرخی گەنم بۆ سێیەم رۆژی لەسەریەک بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

20-07-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی گەنم بەرزبووەوە و گەیشتە سەروو 270 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، ئەوەش دوای ئەوەی رووسیا هەڕەشەی کرد کە وەکو کەشتیی سەربازی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەشتییانەدا دەکات کە دەچنە بەندەرەکانی ئۆکراینا لە دەریای رەش. کشانەوەی رووسیا لە رێککەوتنی دانەوێڵە و هەڕەشەکانی رووسیا ترسی دروستبوونی قەیرانێکی خۆراکی لە جیهاندا زیادکردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-07-2023، بۆ سێیەم رۆژی لەسەریەک نرخی گەنم بەرزبووەوە؛ نرخی بوشلێک گەنم کە دەکاتە 27 کیلۆ لە بۆرسەی شیکاگۆ بۆ ئاڵوگۆڕی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان 1.3٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 7.376 دۆلار، بەوەش نرخی تۆنێک گەنم گەیشتە 273.13 دۆلار.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ نرخی گەنم گەیشتە 259 دۆلار بۆ هەر تۆنێک و کۆی بەرزبوونەوەی لەدوای کشانەوەی رووسیاوە گەیشتە زیاتر لە 9٪.
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدوای کشانەوەی رووسیا لە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەش رایگەیاند، "زۆر نیگەرانە" لە بڕیاری رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە رێککەوتنەکە کە سەدان ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا رووبەڕووی برسێتی دەکاتەوە.
 
هاوکات جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، کشانەوەی رووسیا لە رێککەوتنەکە ئاسایشی خۆراکی جیهان دەخاتە مەترسییەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە