لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بەشداربووانی نێتفلیکس 5.9 ملیۆن زیاد بووە

20-07-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای نێتفلیکس بڵاویکردەوە، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا 5.9 ملیۆن بەشداربووی زیاد بووە، بەمەش کۆی گشتیی بەشداربووانی لە جیهاندا گەیشتووەتە 238 ملیۆن، داهاتەکەشی بەراورد بە چارەکی دووەمی ساڵی رابردوو 3% زیاد بووە و گەیشتووەتە 8.3 ملیار دۆلار.
 
نێتفلیکس دەڵێت، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا 1.5 ملیار دۆلار قازانجی کردووە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبووە.
 
هۆکاری سەرەکیی ئەنجامەکە بۆ دوو سیاسەتی کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە کە ساڵی رابردوو رایگەیاندن، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لە 10 ساڵی رابردوودا ژمارەی بەشداربووانی کەم بووەوە؛ تووندوتۆڵکردنی رێوشوێنەکان دژی هاوبەشیپێکردنی وشەی نهێنی و قۆناخێکی تاڕادەیەک نوێی بۆ ریکلامکردن گرتەبەر.
 
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرهەڵستییەکی کەم لە بەرامبەر رێوشوێنەکانی لەلایەن بەشداربووانیەوە هەبووە بۆ هاوبەشیپێکردنی وشەی نهێنی.
 
ئەو قۆناخە نوێیەی ریکلام کە نێتفلیکس لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا رایگەیاند، هێشتا بەشێکی بچووکە لە کاروباری کۆمپانیاکە، بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت، پێیانوایە بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن.
 
کۆمپانیاکە لە نامەکەیدا بۆ خاوەن پشکەکان نووسیویەتی، "لە کاتێکدا ئەمساڵ پێشکەوتنی بەردەواممان بەدەستهێناوە، بەڵام کاری زیاترمان هەیە بۆ خێراترکردنی گەشەکردنمان." ئاماژەی بەوەش کردووە، "سەرنجمان لەسەر چەند شتێک دەمێنێتەوە؛ دروستکردنی شێوازێکی بەڕێوەبردنی جێگیر لە بەرنامە و فیلمەکان، کە دەبێت سەیریان بکرێت؛ باشترکردنی قازانجەکان؛ گەشەپێدانی چێژوەرگرتن لە یارییەکانمان؛ وەبەرهێنان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکەمان بۆ ئەندامان."
 
لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، بەهای هەر پشکێکی نێتفلیکس 20 دۆلار و 74 سەنت، یان 4.34% دابەزی و بە 546 دۆلار و 85 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر شەرابی ئەورووپیدا دەکات

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی 200٪ پێناسی گومرگی بەسەر شەراب، شامپانیا و خواردنەوەکانی دیکەی دروستکراوی ئەورووپادا دەکات. ئەمەش وەک وەڵامدانەوە بۆ پلانێکی یەکێتیی ئەورووپا کە دەیەوێت پێناسی گومرگی بخاتە سەر ویسکی ئەمریکی.