ژووری بازرگانیی دهۆک: کردنەوەی دەروازەیەکی دیکە لە پێشابوور مەبەستی سیاسی لەپشتە

20-04-2024
پەیمان محەممەد
وێنەیەکی ئەرشیڤیی دەروازەی پێشابوور
وێنەیەکی ئەرشیڤیی دەروازەی پێشابوور
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تورکیا و عێراق هەوڵی کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی سنووری لە زاخۆ دەدەن. سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک دەڵێت، ''ئەمە رەهەندێکی سیاسی هەیە و بۆ دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستانە لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان.''
 
شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند ''لە ساڵی 2014ـوە عێراق و تورکیا دانوستاندن لەسەر کردنەوەی دەروازەیەکی سنووریی دیکە دەکەن، بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بدەن.''
 
ئەو دەروازە سنوورییە، دەکەوێتە سنووری پێشابوور لە زاخۆ و کۆراڤا لە باکووری کوردستان، عێراق و تورکیا مەبەستیانە راستەوخۆ بە یەکدی ببەسترێنەوە.
 
شوکری جەمیل گوتی ''خۆشحاڵ دەبین دەروازەیەکی دیکەی سنووری بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و تورکیا بکرێتەوە، بەڵام کردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە زیاتر مەبەستی سیاسیی لەپشتە نەوەک بازرگانی. هەوڵی دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان دەدرێت.''
 
بەگوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک، میدیای تورکیا بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن ''کردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە، رێگەیەکی راستەوخۆیە بۆ بەستنی پەیوەندی بە هاووڵاتییانی تورکمان لە تەلەعفەر، موسڵ، کەرکووک و هاوکاریی ستراتیژیی نێوانیان.''
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و هەرێمی کوردستان ''بە کردنەوەی دەروازەیەکی سنووریی نوێ، لە مامەڵە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق دووردەخرێنەوە.''
 
شوکری جەمیل نووری ئاماژەی بەوە کرد، دەبێ کردنەوەی هەر دەروازەیەکی سنووری بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت. ''هەر رێککەوتنێکی لەم شێوەیە سەرناگرێت، ئەگەر ئاسایشی ناوچەکە بەرفراوانتر نەکرێت.''
 
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاندووە، لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە ئاستی بازرگانیی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بەرز نابێتەوە، بۆیە بیر لە کردنەوەی دەروازەیەکی سنووریی دیکە دەکەنەوە. 
 
دەروازە سنوورییەکان سیادین و دەبێت بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەت فراوان بکرێن، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک ئاماژەی دا، '' تاوەکو ئێستا تورکیا رازی نەبووە ئەم دەروازەیە بەرفراوان بکرێت، لەکاتێکدا زۆربەی کەموکوڕییەکان لەلای ئەوانە.''
 
شوکری جەمیل نووری پشتڕاستی دەکاتەوە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا بەراورد بە رابردوو کەمیکردووە، هۆکارەکەشی بۆ ''گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوەی کاڵا'' دەگەڕێنێتەوە.
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە 22ـی نیسانی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا و هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت بەشێک لە دیدارەکەی ئەردۆغان پەیوەست بێت بە پەیوەندییە گشتییەکانی عێراق و تورکیا، تاوتوێکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک دەڵێت، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، ''پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا دەبێت.''

 

 

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە