لە عێراق دابەشکردنى مووچە دەستیپێکرد؛ 'دواى 25ى مانگ پشکى هەرێمى کوردستان دەنێردرێت'

20-02-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن بورجی ئیفڵ مووچە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى دارایی عێراق دەستی بە دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانى بۆ مانگی شوبات کرد، ئەندامێکى لیژنەى دارایی دەڵێت، لە دواى 25ـی شوباتەوە بودجەى هەرێمى کوردستان دەنێردرێت.
 
رۆژی 20ـی شوباتی 2024، وەزارەتى دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، فەرمانگەى ژمێریاریی وەزارەتەکە دەستیکردووە بە رێوشوێنی پارەدارکردن بۆ دابەشکردنى مووچەی فەرمانبەرانى وڵات و کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگى شوبات. 
 
وەزارەتى دارایی عێراق داواشی لە یەکەکانى خەرجیى وەزارەت و فەرمانگەکانى دەوڵەت کردووە سەردانى فەرمانگەى ژمێریاری بکەن بۆ تەواوکردنى رێوشوێنەکانى دابەشکردنى مووچە، بەگوێرەى خشتەى مانگانە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بڕیارە لەدواى 25ـی شوبات، پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیی عێراق بنێردرێت.
 
بۆ مانگى کانوونى دووەمى رابردوو، حکومەتى فیدراڵى 618 ملیار دینارى وەک پشکى هەرێمى کوردستان نارد، کە 12.67%ـی خەرجیى راستەقینەى حکومەتى عێراق بوو.
 
جەمال کۆچەر گوتى "بەگوێرەى پشکى هەرێمى کوردستان لە خەرجیی راستەقینە، ئەگەر هەیە بڕى ئەو بودجەیەى بۆ هەرێمى کوردستان دەنێردرێت، بەراورد بە مانگى رابردوو کەم یان زیاد بکات و هێشتا بڕەکەى دیار نییە".
 
رۆژى 14-1-2024، دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی 618 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024ـدا و رۆژی 1ـی شوبات وەزارەتی دارایی عێراق 618 ملیار دینارەکەی رەوانەی هەرێمی کوردستان كرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە