رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لەسەر ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن.
رۆژی هەینی 19-4-2024 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، لەسەر ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین."
تەیف سامی جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی عێراق لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینان بەردەوام دەبێت.
ئەو لێدوانەی وەزیری دارایی عێراق لە کاتێکدایە، 21ـی شوباتی 2024 دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا کە دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان "نادەستوورییە" و لەمەودوا دەبێ راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە مووچەیان بۆ خەرج بکرێت.
ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵیان وەرگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەیە کە لە رۆژانی داهاتوودا مووچەی مانگی نیسانیش بنێردرێت بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی بکات.
بەڵام فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە. وەزیری دارایی عێراق کرد بە رووداوی گوت، مووچەی ئەو سێ مانگە خەرج ناکەن و ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی خۆی هەبووە و لە پێدانی ئەو سێ مووچەیە بەرپرسە.
وەزیری دارایی عێراق بە پێویستی زانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بکات.
ئەوەی کە پەیوەندی بە پلەبەرزکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، وەزیری دارایی عێراق گوتی، ئەو بابەتە پەیوەندی بە حکومەتی فیدراڵییەوە نییە، بەڵکو ئەوە کاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ