لە سلێمانی هەڕەشەی گرانكرنی نان ‌و سەموون دەكرێ

19-03-2015
ئاسۆ سەراوی
A+ A-

رووداو - سلێمانی

سەرۆكی كۆمەڵەی فڕنی سەموون‌ و نانە‌واخانەكان لە سلێمانی، رایدەگەیێنێ‌ ئەگەر نرخی گازیان لەسەر هەرزان نەكەن، ئەوا بە هەفتەیەك دوای پشووەكانی نەورۆز نرخی نان ‌و سەموون گران دەكەن.

سەڵاح ساڵح كەریم، سەرۆكی كۆمەڵەی فڕنی سەموون ‌و نانە‌واخانەكانی سلێمانی، لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ئاماژە بەوە دەكات، گرانكردنی نرخی لیترێک گاز لە 415 دینارەوە بۆ 750 دینار بۆ هەر لیترێك، وای لەوان كردووە بیر لە گرانكردنی نرخی سەموون ‌و نان بكەنەوە، چونكە پێشتر حكومەت مانگانە 5 هەزار لیتر گازی بە 415 دینار داونەتێ‌، ئەوانیش  2 هەزار 500 لیتریان بەكارهێنا‌وە‌و 2 هەزارو500 لیتریشیان فرۆشتووەتەوە. ئەو گوتی "بەم جۆرە نرخی گاز لەسەرمان بەبێ‌ بەرامبەر دەكەوت، هەر ئەوەش وایكردووە، ماوەی 7 ساڵ بیر لە گرانكرنی نرخ نەكەینەوە لەكاتێكدا نرخی هیچ شتێك وەكو خۆی نەماوە".

ئەو باسی لەوەشكرد بۆ ئەو مەبەستە سەردانی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانیان كردووە‌و داوای هەرزانكردنەوەی نرخی گازیان كردووە. گوتیشی: "ئەگەر نرخی گازمان بۆ هەرزان نەكرێتەوە، تەنیا هەفتەیەك دوای پشووەكانی نەورۆز دەوەستین، دواتر یان شوێنەكانمان دادەخەین یاخود نرخ گران دەكەین، ئەو کاتە لەجیاتی 10سەموونی 105 گرامی بە هەزار دینار بێت، دەیكەینە 8 سەموون، بۆ نانیش لەجیاتی 8 نانی 130گ رامی بە هەزار دینار بێت، دەیكەینە 6 نان".

لە شاری سلێمانی 430 نانە‌واخانە‌و 220 فڕنی سەموون هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە