هەزاران مووچەخۆری نایاسایی لە لیستی مووچە لادراون

19-02-2017
رووداو @Rudawkurdish
سەتان ملیۆن دینار بۆ بودجەی گشتی گەڕاوەتەوە
سەتان ملیۆن دینار بۆ بودجەی گشتی گەڕاوەتەوە
نیشانەکردن چاکسازی مووچە
A+ A-

رووداو- هەولێر

لەگەڵ دەستپێکردنی چاکسازییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە سەرەتای ساڵی 2016وە، سەتان مووچەخۆری نایاسایی و دوو مووچە و بندیوار، لە لیستی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لادراون.


لەم رێگەیەشەوە سەتان ملیۆن دینار بۆ بودجەی گشتی گەڕاوەتەوە، چاکسازییەکانیش لە خانەنشینانی نایاسایی و پاسەوانی بەرپرسان و پلە بەرزکردنەوەی نایاسایی بەردەوامە.

زیاتر لە ساڵێکە چاکسازی کردن لە لیستی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و سەتان مووچەخۆر بەهۆی نایاسایی بوونی مووچەکانیانەوە، لە لیستی مووچەخۆراندا دەرهێندراون.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راپۆرتی هەنگاوەکانی چاکسازیدا، کە هەفتەی رابردوو بڵاویکردەوە، تێیدا ئاشکرای کردووە: "مووچەی تایبەتی 23 هەزار كەس بڕدراوە، كە مەرجیان تێدا نەبووە، سەرەڕای لابردنی ناوی زیاتر لە 20 هەزار كەس، كە بەناوی كەمئەندام مووچەیان وەردەگرت و شایستەی نەبوون".

راپۆرتەکە ئاماژە بەوەشدەکات "وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەش 1566 ئەفسەر و پێشمەرگەی لە بارەگای وەزارەت كەمكردووەتەوە، بەمەش سەتان ملیۆن دیناری بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە"‌.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو "لە كۆی867 كەس كە لەلایەن لیژنە پسپۆڕەكەدا بینراون، 253 كەمئەندام رێژەی كەمئەندامییان هەڵوەشاوەتەوە و سەرجەم ئەو شایستە داراییانەشیان لێوەردەگیرێتەوە، كە پێشتر بە ناڕەوا وەریانگرتووە".

سەبارەت بەو ئەفسەر و كارمەندانەی لە هەرێمی کوردستان و بەغداش دوو مووچەیان وەرگرتووە، 90 ئەفسەر ئیجرائاتیان لەگەڵداكراوە و 70 ئەفسەری دیكەش لە ژێر وردبینیدان و پڕۆسەكەش بەردەوام دەبێت.

هاوکات پڕۆسەی دووبارە پشکنینەوەی كەمئەندامانی سەنگەر دەستی پێکردووەتەوە و هەنگاوی كرداریش بۆ چاكسازی و چارەسەری هەموو كێشەكانی دیكەی پەیوەست بە وەزیفەی گشتی، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە پلە بەرزكردنەوەی نایاسایی و پاسەوانی بەرپرسەكان و دەرماڵەكان و خانەنشینی نایاسایی، لەلایەن حكومەتەوە دەستیان پێكردووەتەوە.

بڕیاریش دراوە، پێداچوونەوە بە لیستی خانەنشینیی سەربازی بكرێت و چارەسەری سەرپێچییە یاساییەكان بكرێت.

هاوکات لەگەڵ ئەو چاکسازییانەی کە لە لیستی مووچەدا ئەنجامدراون، لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە سیستەمی بایۆمەتری مووچە دەستی پێکردووە و کۆتایی ئەم مانگە، تۆمارکردنی ناوی مووچەخۆرانی مەدەنی لە سیستەمی بایۆمەتری مووچە کۆتایی پێدێت.

سەفین غەفوور، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەی بایۆمەتری مووچە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تا کۆتایی ئەم هەفتەیە 923 هەزار و 144 مووچەخۆر ناوی تۆمارکردووە، 48 هەزار مووچەخۆریان سەربازی و ئەمنین، 875 هەزار و 144 مووچەخۆریان مەدەنین، 222 هەزار مووچەخۆری سەربازی و ئەمنی ماون، تاوەکو کۆتایی نیسان دەبێت ناویان لە سیستەمەکە تۆماربکەن، 20 هەزار مووچەخۆری مەدەنیش ماون تا کۆتایی ئازار دەبێت ناویان تۆمار بکەن".

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە رێگەی ئەو چاکسازییانەوە، کە دەستی پیکردووە، خەرجییەکانی مووچە کە مانگانە 820 ملیار دینارە و زیاتر لە 70% ی بودجەی گشتی پێکدەهێنێت، کەمبکاتەوە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە