رووداو - سلێمانی
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیێنێت، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی 25 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە قەڵادزێ و رانیە تادەگاتە کفری دراوە و ئەو پڕۆژانەش دەرفەت و هەلیکار دروستدەکەن و خزمەتگوزاییەکان دەباتە پێشەوە.
لە سلێمانی دەیان پرۆژە کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەکار وەستابوون ئیدارەی شارەکە دەیەوێت بەگەڕیان بخاتەوە، پارێزگاری شارەکەش سوپاسی حکومەت و رێکخراوەکان و کەرتی تایبەت دەکات، کە پشتیوان و پاڵپشتبوونە بۆ دووبارە کارکردن لە پرۆژ وەستاوەکان و ئەنجامدانی پرۆژەی نوێ بۆ شارەکە.
د.هەڤاڵ، ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "پێشتر رێککەوتنێکمان لەگەڵ رێکخراوی UNDP واژۆکردبوو، دوێنێش رێککەوتننامەی دەستبەکاربوونمان واژۆکرد، کە بە بڕی نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار چوار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سلێمانی لە 1-10-2018ـەوە، کە نزیکەی 377 کەس کاری تێدا دەکەن، پێشتریش لەگەڵ رێکخراوی GIZـی ئەڵمانی 800 هەلی کارمان بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایە رەخساند، لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکەش لەو هەوڵداین، دەمانەوێت پشت بە داهات و سەرچاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبەستین".
هەر لەبارەی کارو چالاکییەکانیان، هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: "توانیومانە لەگەڵ حکومەتی عێراقیشدا پرسی سووتەمەنی، قیر، نەوتی رەش، بەنزین بۆ دامودەزگاکان و نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان تاوتوێ بکەین، ئێمە لە هەفتەی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی شەش ملیۆن لیتر نەوتمان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکردووە، ئەم پرۆسەیەش تاوەکو ساڵی ئاییندە بەردەوام دەبێت".
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: "رەزامەندی لەسەر 25 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە قەڵادزێ و رانیە تادەگاتە کفری دراوە، کۆمەڵێکی دیکە بە پشتیووانی کەرتی تایبەت کردوومانە، پرۆژەکانمان داوە بە ئەوان بۆ ئەوەی پارەی بۆ دابینبکەن، ئەمەش پشتیوانی کەرتی تایبەتە، دروستکردنەوەی متمانەیە لە نێوان خەڵک و حکومەت و کەرتی تایبەت".
هەڤاڵ، ئەبوبەکر، ئاماژە بەوە دەکات، "لەو بودجەیەی هەیە لە یەکەم هەنگاو رەزامەندی لەسەر ئەو 25 پرۆژەیە دراوە، جیا لەوە ئێمە نزیکەی 200 ملیۆن دینارمان تەرخانکردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی پردی تانجەڕۆ کە خەریکە بەری قەراخ بە تەواوەتی لە سلێمانی دادەبڕێت، چەندینجار پارەی بۆ خەرجکراوە، بەڵام بە کوالێتییەکی خراپ کراوە، مەترسی ئەوە هەیە ئاو بیبات". دەشڵێت: "لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە نزیکەی 100 پرۆژەی دیکەمان ئەنجامداوە، هەر لە راکێشانی کارەبا بۆ باوزێ کۆتایی گوندەکانی قەڵادزێ تا کڕینی پەنجە ماسی بۆ بەنداوەی ئاوە سپی لە کفری".
لەبارەی دامەزراندنیشەوە، پارێزگاری سلێمانی گوتی: "بە سوپاسەوە بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، دوای ئەوەی دوو ساڵ بوو لیستی ئەو پزیشک و کارمەندە تەندروستیانەی دەبوو دابمەزرێن لە نەخۆشخانەی چارەسەری تووشبووان بە چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە، رەزامەندیان پیشاندا بە دامەزراندنی 280 کەس لەو نەخۆشخانەیە".
هەڤاڵ، ئەبوبەکر، پێیوایە، ئەو پرۆژانەی باسیان دەکات، بەلایەنی کەمەوە لە هەریەک لەو پرۆژانە لە 30 کەس تاوەکو 150 کەس کاری تێدا دەکات، ئەمەش دەرفەت و هەلی کار دروستدەکات و خزمەتگوزاییەکان دەباتە پێشەوە.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ