هەڤاڵ ئەبوبەکر: داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێم دەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش بکرێت

24-09-2023
هیدایەت جان
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی قسە بۆ پەیامنێری رووداو دەکات
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی قسە بۆ پەیامنێری رووداو دەکات
نیشانەکردن هەڤاڵ ئەبوبەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری سلێمانی داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، کارێک بکەن لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش بکرێت، ''چونکە نابێت ئیدارەیەک لە شوێنێک هەبێت و، چاودێری و بەدواداچوونی بەسەرەوە نەبێت."
 
یەکشەممە 24-09-2023 هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەرمانبەرانی حکومەت وایان کردووە تائاستێکی زۆر باش خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەتەواوەتی نەوەستن، هیوادارین حکومەتی فیدراڵی پابەندبێت بەو بڕیار و بەڵێنانەی داویەتی و پارەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات بۆ ئەوەی بتوانین ئەم قۆناخە تێبپەڕێنین."
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی "ئەو کارمەندانەی ماوەی 90 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و، کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیان و بژێوییان کردووە؛ پێیان دەڵێم ئەم قۆناخەش تێدەپەڕێت و قەرەبووی مووچەکانیان دەکرێتەوە و قەرزەکانیان وەردەگرنەوە، بەڵام ئەوەی قەرەبوو ناکرێتەوە، دواکەوتنی پرۆسەی خوێندن و مەرگی ئازیزانمانە کە بە هەر هۆکارێک بێت دەچنە نەخۆشخانە و ئەگەر کارمەندانی تەندروستی لێ نەبێت، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەمە لە پارێزگای سلێمانی رووینەداوە."
 
پارێزگاری سلێمانی هیوای خواست حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بە زوویی بگەنە ئەنجامێک "هەر ململانێیەکی سیاسی هەبێت، تێکەڵ بە مافی خەڵک و بودجەی گشتی نەکرێت و ئەو پرسە بەدەر لە هەموو تێڕوانین و ململانێیەکی سیاسی بێت".
 
لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش، هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی پەیوەندیی بە ئیدارەی پارێزگاکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دەسەڵاتی چاودێریکردن و بڕیاردان و بەدواداچوونەوە هەیە، لەکاتێکدا کە بارودۆخی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیەی لێهاتووە، ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش وای لێبێت، دامودەزگای چاودێریکردن لە هەرێمی کوردستان لاواز دەبێت، بۆیە لێرەوە داوا لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، کارێک بکەن لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش بکرێت، چونکە نابێ ئیدارەیەک لە شوێنێکدا هەبێت و چاودێری و بەدواداچوونی بەسەرەوە نەبێت."
 
ئەو گوتانەی هەڤاڵ ئەبوبەکر لەکاتێکدان دادگەی فیدراڵیی عێراق بە ‌هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی هەموارکراوی پەرلەمانی کوردستان کە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی درێژکردبووەوە، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە.
 
دەبووایە 23ـی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرایە، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت رێکنەکەوتنی سیاسی ئەوکاتە هۆکاربوو کە هەڵبژاردن نەکرا. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە