رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 9 ملیۆن و 850 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کرا، واتە یەک دۆلار بەرامبەر بە 98 هەزار و 500 تمەنە.
ئێوارەی دوێنێ (دووشەممە، 18-3-2025) لەگەڵ داخستنی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، هەر دۆلارێک گەیشتە 99 هەزار تمەن.
ئیسماعیل محەممەد، شارەزا و ئاڵوگۆڕکاری دراو لەو بازاڕە بە رووداوی گوت، ئەو نرخە پێشبینیکراو بوو، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکان و هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش لە ئێران، هۆکاری دابەزینی بەهای تمەنن.
دەستپێکردنەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە هۆکارێکی دیکەیە کە دەکرێت زیاتر نرخی تمەن دابەزێنێت.
ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات و دەڵێت، ئەگەر جارێکی دیکە حووسییەکان هێرش بکەن، یەخەی ئەوان دەگرن و ئەوان بە بەرپرسیار دەزانن.
لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هەر دۆلارێک بە 95 بۆ 96 هەزار تمەنە. ئیسماعیل محەممەد دەڵێت، هۆکاری ئەو جیاوازییە خواست و خستنەڕووە.
دەشڵێت، ئێستا ئەگەری گەیشتنی یەک دۆلار بە 100 هەزار تمەن زۆر بەهێزە. لەم دۆخەی ئێستا بەئاسانی ئاستی 100 هەزار تمەنیش بەرامبەر بە دۆلار دەشکێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ