ئابووری
دوو کارمەند لە کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی نەوت لە باشووری عێراق سەرقاڵی کارکردنن. وێنە: AFP/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەمین رۆژی کرانەوەی بازاڕەکاندا نرخی نەوت درێژەی بە بەرزبوونەوەکانی دا و بەرمیلێک نەوتی برێنت 86 دۆلاری تێپەڕاند، یەکێک لە هۆکارەکانیش بڕیاری عێراقە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.
ئەمڕۆ دووشەممە 18-03-2024 نرخی نەوتی برێنت 21 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 86 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هاوکات، نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 57 سەنت، یاخود 1.98 بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 81 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لە زیاتر لە 4 مانگی رابردوودا، بە دیاریکراویش لە 6ی تشرینی دووەمی 2023وە. هەفتەی رابردووش نرخی نەوت زیاتر لە 4 دۆلار بەرزببووەوە.
بڕیاری عێراق بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت، هێرشی ئۆکراینا بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی رووسیا و کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن.
ڤاندانا هاری، دامەزرێنەری ڤاندا ئینسایتس بۆ لێکۆڵینەوە لە بازاڕە داراییەکان دەڵێت، "هێرشەکانی سەر پاڵاوتگەکانی رووسیا وایکرد لە هەفتەی رابردوودا بەهۆی مەترسییەکانەوە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو 2 بۆ 3 دۆلار بەرزببێتەوە."
ئەو شارەزایە دەشڵێت، مەترسییەکە وەکو خۆی ماوەتەوە، "چونکە لەم هەفتەیەشدا هێرشەکان بەردەوامن."
بەپێی ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز، بەهۆی هێرشەکانەوە توانای پاڵاوگەکانی رووسیا نزیکەی 7% کەمبووەتەوە.
هاوکات هەواڵگریی ئۆکراینا دەڵێت، دەزگەی ئاسایشی وڵاتەکەیان بە سەرکەوتوویی 12 کێڵگەی نەوتی رووسیایان کردووەتە ئامانج و "بەردەوام دەبین لە لاوازکردنی هێزی ئابووریی رووسیا."
هەواڵگریی ئۆکراینا دەڵێت: "ئەو کێڵگە نەوتییە ساڵانە 26 ملیۆن و 785 هەزار و 714 بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا و زۆربەی نەوتەکەشی بۆ هەناردەکردن بوو."
بۆ ئەم هەفتەیەش، سەرنجی سەرەکیی بازرگان و وەبەرهێنەران دەکەوێتە سەر سیاسەتی نەختینەیی زلهێزانی ئابووریی جیهان؛ کاتێک بانکە ناوەندییەکانی گەورە وڵاتان لەبارەی رێژەی سوودی بانکییەوە کۆدەبنەوە، لە سەروو هەمووشیانەوە کۆبوونەوەی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕەکان لە دامەزراوەی IG دەڵێت، دەبێت دەرەنجامی کۆبوونەوەی دوو رۆژەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کاتی کەمکردنەوەی سوودی بانکی بەدیار بخات.
سیکامۆر دەشڵێت، ئەگەر هەیە بۆ ئەم مانگە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی وەک خۆی بهێڵێتەوە، بەڵام ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەکە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا ئێستا وەکو دراوێکی "شێر و خەت"ی لێهاتووە.
کەمبوونەوەی سوودی بانکی خواست لەسەر کاڵاکانی وەکو نەوت و زێڕ زیاد دەکات، بەوپێیەی دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار لەسەر ئاستی جیهان.
هاوکات ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەنیازە لە مانگەکانی داهاتوودا هەناردەی نەوت بە بڕی 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمبکاتەوە.
بڕیارەکەی عێراق وەک قەرەبوویەکە بۆ ئەو زیادەی بەرهەمەی لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەرهەمی هێناوە، کە زیاتر بووە لەو پشکەی بۆی دیاریکراوە بەپێی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ