نرخی نەوت و زێڕ و بەهای روبڵی رووسی بەرزبوونەوە

15-06-2022
پەیڕەو سەڵاح
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت رۆژی چوارشەممە بەرزبووەوە و کۆتاییهێنا بە دابەزینی رۆژی رابردووی خۆی کە لەبەر نیگەرانی لە شەپۆلی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و کەمبوونەوەی خواست دابەزیبوو. هەروەها نرخی زێڕ و بەهای روبڵی رووسیش بەرزبوونەوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 15-06-2022 هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 15 سەنت بەرزبووە و بە 121 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئەوەش لە کاتێکدایە کە نرخی نەوتی برێنت رۆژی سێشەممە 14-06-2022 بە رێژەی 1% دابەزیبوو.
 
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 15 سەنت بەرزبووەوە و بە 119 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ ئاستی 6.8% کە لە 41 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە، بووەتە هۆکار بۆئەوەی وەبەرهێنەران پێشبینیی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بە ریژەی 0.75% بکەن. ئەوەش کاریگەریی لەسەر بەهای دۆلاری ئەمریکی و نرخی کاڵاکان دروستدەکات.
 
لیۆنا لیو، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری "دەیلی ئێف ئێکس" لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی زیاتر لە ئاستی پێشبینییەکان بازرگانانی نەوتی نیگەران کردووە کە ئابووریی ئەمریکا سست بکاتەوەوە، بەو پێیەش خواست بۆ نەوتی خاو کەم ببێتەوە."
 
نرخی هەر ئۆنسە زێر بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1816 دۆلار
 
نرخی زێر ئەمڕۆ چوارشەممە بەرزبووەوە و دوورکەوتەوە لە نزمترین ئاستی خۆی لە یەک مانگی رابردوودا. نرخی یەک ئۆنسە زێر بە رێژەی 0.16% بەرزبووەوە بۆ 1816 دۆلار دوای ئەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا نەیتوانی لە بەرزبوونەوەکانی خۆی بەردەوام بێت و ئەمڕۆ چوارشەممە دابەزی.
 
سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا لە 3.48%وە دابەزی بۆ 3.42% و بەو پێیەش بەهای دۆلاری بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە دابەزاند و نرخی زێڕی بەرزکردەوە.
 
رۆژی سێشەممە نرخی زێر تاوەکو نزیکەی 1800 دۆلار دابەزیبوو. بازرگانانی زێڕ نیگەرانن لە بڕیاری ئەمشەوی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، کە تیایدا رێژەی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی ئاشکرا دەکات و کاریگەری لەسەر بەهای دراوەکان و کانزاکان و کۆی ئابووریی ئەمریکا و جیهانیش دادەنێت.
 
مایکێل لانکفۆرد، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئێر گاید) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێر تاوەکو پێش بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی بەرز دەبێتەوە. پاشان لە ئاستێکدا جێگیر دەبێت و لە چەند هەفتەی داهاتوودا چاوەڕوان دەکەین کە ئاراستەی نرخی زێڕ بەردەوام بێت لە دابەزینەکانی."
 
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
 
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 500 دیناری عێراقی
 
یۆرۆ - دۆلار 1.042 EUR/USD
 
پاوەند - دۆلار 1.20 GBP/USD
 
دۆلار - یەن 135.05 USD/JPY
 
دۆلار - لیرە 17.24 USD/TRY
 
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 32 هەزار و 700 تمەن USD/IRR
 
یەک دۆلاری ئەمریکی: 55.87 روبڵی رووسی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی مێهران

لە 8 مانگدا هەناردەی دەروازەی سنووریی مێهران زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بووە

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە 8 مانگدا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار شتومەک هەناردەی وڵاتان کراوە