دابەزینی هەڵاوسان لە ئەمریکا نرخی زێڕی 20 دۆلار بەرزکردەوە

15-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەڵاوسان لە ئەمریکا دابەزی. بەوهۆیەوە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە زیاتر لە 2 هەزار و 380 دۆلار.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە 15-5-2024) وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، هەڵاوسان لەسەر ئاستی ساڵانە لە ئەمریکا بۆ 3.4٪ دابەزیوە. لە مانگی ئاداردا رێژەکە 3.5٪ بوو.
 
ئەمساڵ، ئەمە یەکەمجارە هەڵاوسان لە ئەمریکا دادەبەزێت. لەسەر ئاستی مانگانەش، هەڵاوسان لە 0.4٪ـەوە بۆ 0.3٪ دابەزیوە.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، هەڵاوسانی بنەڕەتیش کە کۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان جگە لە خۆراک و وزە دەگرێتەوە، لە 3.8٪ـەوە بۆ 3.6٪ دابەزیوە.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازیی لە دابەزینی هەڵاوسان لە وڵاتەکەی دەکات. دەشڵێت: "هێشتا کاری زۆر ماوە بیکەین."
 
ئامارەکان کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر نرخی زێڕ دانا. لەدوای بڵاوبوونەوەیان، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ زیاد لە 20 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2 هەزار و 384 دۆلار.
 
دابەزینی هەڵاوسان، گەشبینیی دروست دەکات بەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەمساڵ رێژەی سوودی بانکی کەمبکاتەوە. کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەبێتە هۆی دابەزینی پێنوێنی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی دژەکانی، کە دیارترینیان زێڕە.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارێکدا دوێنێ رایگەیاند "پێموایە هەڵاوسان بەرەو دابەزین دەڕوات."
 
پاوڵ گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی سوودی بانکیمان لە ئاستێکی بەرزدا هێشتووەتەوە، بەڵام بازاڕی کار بە بەهێزی ماوەتەوە. چاوەڕوانیش دەکەین گەشەی ئابووری ئەمریکا لە سەرووی 2٪ بمێنێتەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە