رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت دابەزی دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە بە رێژەی 3٪ بەرزبووەوە. هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ 1947 دۆلار.
ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 27 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 1 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 29 سەنت دابەزی و بە 69 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخەکانی نەوت رۆژی سێشەممە بە رێژەی 3٪ بەرزبوونەوە دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی چین سوودی بانکی دابەزاند و گەشبینییەک دروستبوو بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا.
نرخەکانی نەوت رۆژی دووشەممە بە رێژەی 4٪ دابەزیبوون، بەهۆی نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە.
هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت لە ئەمڕۆدا بۆ بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا هەفتەی رابردوو 1 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە. ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشبینی دەکرا قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا 510 هەزار بەرمیل کەمبکات.
ئەمڕۆ داتا فەرمییەکانی حکومەتی ئەمریکا لەسەر قەبارەی نەوتی کۆگاکراو بڵاودەبنەوە، بەوهۆیەوەشەوە کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت دروستدەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمشەو بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکیی رادەگەیێنێت و بڕیاری کۆمیتەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکیی کاریگەریی بەرچاو لەسەر بازاڕەکان و نرخی نەوتیش دادەنێت.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1947 دۆلار بەرزبووەوە
دوای سێ رۆژی بەردەوام لە دابەزین، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ کەمێک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە 1943 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 1947 دۆلار.
بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا کە تیایدا دەرکەوت رێژەی هەڵاوسان لە مانگی رابردوودا لە ئەمریکا بەراورد بە مانگی چوار تەنیا بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەتەوە، بووە هۆکاری دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ لە رۆژی سێشەممەدا.
نووسینگەی ئاماری کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی پێنجدا رێژەی هەڵاوسان بەراورد بە مانگی پێنجی ساڵی رابردوو 4٪ بووە و بەو پێیەش دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی دوو ساڵی رابردوو.
نرخی زێڕ رۆژی سێشەممە تەنانەت تاوەکو 1971 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان دابەزی بۆ 1943 دۆلار.
خاوبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بووە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی زێڕ گرەو لەسەر ئەوە بکەن کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەمڕۆ رێژەی سوودی بانکیی بەرزناکاتەوە و دەستیان بە فرۆشتنی زێڕ کرد.
ئەمڕۆ کاژێر 09:00ـی شەو بە کاتی هەولێر بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەسەر سوودی بانکیی دەدات، بەهۆی ئامارەکانی هەڵاوسان پێشبینی دەکرێت کە نرخی سوودی بانکیی وەک خۆی جێگیر بکات و بەرزی نەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ