رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ دەڵێت، ساڵی داهاتوو بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ خاو دەبێتەوە، بەڵام بەکۆی گشتی گرانتر دەبێت.
ئەنجوومەنەکە لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی پێشبینییەکانی نرخی زێڕ بۆ ساڵی داهاتوو دەڵێت، ئەم ساڵ تاوەکو مانگی تشرینی دووەم، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 28٪ بەرزبووەتەوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە وەبەرهێنەر و بانکە ناوەندییەکان خواستێکی زۆریان لەسەری هەبووە.
ئەو خواستە لەسەر زێڕ، قەرەبووی خاوبوونەوەی گەشەی خواستی بەکاربەرانی کردووەتەوە، بەتایبەت راگرتنی کڕینی کانزاکە لە لایەن بانکی ناوەندیی چینەوە لە ئایار تاوەکو تشرینی دووەمی ئەم ساڵ.
ئەنجوومەنی زێڕ دەڵێت، "نیشاندەرە ئابوورییە سەرەکییەکانی وەک گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی و هەڵاوسان، ئاماژە بە ئاراستەیەکی ئەرێنی زێڕ دەکەن لە 2025، بەڵام خاوتر [بەراورد بە 2024]."
ئەنجوومەنەکە هۆشداریش دەدات لەوەی "دەکرێت زێڕ زۆر زیاتر بەرزببێتەوە ئەگەر بانکە ناوەندییەکان کڕینی زێڕ زیاد بکەن، یاخود دۆخی دارایی بەخێرایی بەرەو تێكچوون بچێت"، چونکە ئەمە وا دەکات وەبەرهێنەر و دامەزراوەکان وەک پەناگەیەکی سەلامەت رووی تێبکەن و نرخەکەی بەرزتر دەبێتەوە.
دەشڵێت، "بەکارهێنەرانی چینی کە ئەم ساڵ بەهۆی خاوبوونەوەی ئابووریی وڵاتەکەیانەوە خۆیان لە کڕینی زێڕ بەدوورگرتبوو، دەتوانن گۆڕانکاری لە ئاراستەی نرخی زێڕ دروست بکەن ئەگەر دەست بە کڕینی بکەنەوە".
لە لایەکی دیکەوە، پێچەوانەبوونەوەی سیاسەتی ئەمریکا لە راگرتن یان خاوکردنەوەی کەمکردنەوەی رێژەی سوود، دەبێتە فاکتەرێکی دیکەی خاوبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، چونکە وا دەکات نرخی دۆلار بەرزببێتەوە و خواست لەسەر زێڕ کەمببێتەوە.
کاتێک رێژەی سوود بەرز دەبێتەوە، قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و دۆلار بە وەبەرهێنانی کەم مەترسیدارتر لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە سەیر دەکرێن، بەراورد بە زێڕ.
ئەنجوومەنەکە لە راپۆرتەکەیدا دەشنووسێت، "بەگشتی، کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی سوود لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە نرخی زێڕ بەرزتر دەکاتەوە، بەڵام راگرتنی کەمکردنەوەی رێژەکە بۆ ماوەیەکی زۆر یاخود کەمنەکردنەوەی، دەکرێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی خواستی وەبەرهێنەران لەسەر زێڕ."
ئەم ساڵ لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی دووەمدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دوو جار رێژەی سوودی کەمکردووەتەوە. ئێستا رێژەکە لە 5.50٪ـەوە بۆ 4.75٪ کەمبووەتەوە. 18ـی ئەم مانگەش جارێکی دیکە بۆ بڕیاردان لەسەر رێژەکە کۆدەبێتەوە. زۆرینەی پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەمریکا ئەمجارەش رێژەی سوود 0.25٪ کەمدەکاتەوە.
بۆ یەکەم جار لە مێژوودا لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا قەبارەی خواست لەسەر زێڕ 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاند. بەوەش تەنیا لەدوای بیتکۆینەوە دێت لە رووی زۆریی خواستەوە.
تەنیا لەم هەفتەیەشدا نرخی زێڕ نزیکەی 60 دۆلار بەرزبووەتەوە و ئێستا هەر ئۆنسەیەک بە 2 هەزار و 689 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەو نرخەی ئێستا، قەبارەی بازاڕی زێڕ لە جیهاندا 18 تریلیۆن و 55 ملیار دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ