16 کارگەى بەرهەمهێنانى رۆنی ئۆتۆمبێل لە کوردستان هەن

13-12-2019
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن رۆنی ئۆتۆمبێل
A+ A-

رووداو – هەولێر  

بەپێی ئاماری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، ساڵانە بایی زیاتر لە 277 ملیۆن دۆلار رۆنی ئۆتۆمبێل دەهێنرێتە هەرێمى کوردستان، چەند کارگەیەکى رۆنیش لە کوردستان هەن، بەڵام داواکارى لەسەر بەرهەمەکانیان کەمە، بۆیە هەناردەى دەکەن.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان کە پشتی بە داتای وڵاتانی هەناردەکار بەستووە، ساڵی رابردوو عێراق ملیۆنێک و 103 هەزار تۆن رۆنى ئۆتۆمبێلی بە بەهای 689 ملیۆن و 421 هەزار دۆلار هاوردە کردووە. نزیکەی 35%ى ئەو رۆنە لە هەرێمی کوردستان بەکاربراوە کە دەکاتە 387 هەزار و 955 تۆن رۆن بە بەهاى 277 ملیۆن و 480 هەزار دۆلار.
 
ئەندازیار فازڵ محەممەدئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاسیا ئۆیڵ بۆ بەرهەمهێنانی رۆنی ئۆتۆمبێل، دەڵێت: "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستى بە نزیکەى  600 هەزار تۆن رۆنی ئۆتۆمبێل هەیە کە 65 تاوەکو 75%ى ئەو رۆنە هاوردە دەکرێ. لە عێراقیش 90%ى ئەو رۆنەى هەیە هاوردەیە،  چونکە پاڵاوگەی بێجی وەستاوە و دۆرەش بەرهەمێکی زۆر کەمی هەیە". 
 
بە گوتەى فازڵ محەممەدئەمین، لە هەرێمی کوردستان زۆربەی شوفێران رۆنی کۆاڵیتی باش یان مامناوەند بەکاردەهێنن کە تێکڕای نرخی هەر تۆنێکی لە نێوان 1300 تاوەکو 1400 دۆلارە، ئەمە جگە لە تێچووی گواستنەوە و رەسمی گومرگی، بۆیە فازڵ مەزەندە دەکات ساڵانە 550 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینى رۆنى ئۆتۆمبێل دەچێتە دەرەوەى هەرێمى کوردستان.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێم، تاوەکو 31ى تەممووزی ئەمساڵ یەک ملیۆن و 683 هەزار و 950 ئۆتۆمبیل لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، نزیکەی 4 هەزار موەلیدەی کارەباش لە ناوەندی شارەکان هەن، ئەمە جگە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئامێری کارگەکان کە بۆ کارکردنیان پێویستیان بە رۆن هەیە.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی، لە هەرێمی کوردستان 16 کارگەی مۆڵەتدراوی بەرهەمهێنانی رۆنی ئۆتۆمبێل هەن، ئێستا سێ لەو کارگانە وەستاون. لەو 13 کارگەیەشی لەکاردان 5 بۆ 6 کارگەیان رۆنی خاو لە ئێران و عێراق دەکڕنەوە و دوای زیادکردنی چەند ماددەیەک بەکواڵیتی جیاواز دەیخەنە بازاڕەوە. هەندێک لە بەرهەمەکەیان هەناردەى سووریا، لوبنان، فەڵەستین و هەندێ وڵاتی ئەفریقا دەکەن. هەندێک لە کارگەکان رۆنی بەکارهاتوو دەکڕنەوە و دوای پاڵاوتن رۆنى لێ بەرهەمدێننەوە.
 
کۆمپانیای ئاسیا خاوەنی دوو کارگەی بەرهەمهێنانی رۆنی ئۆتۆمبێلە لە سلێمانی، یەکێکیان بۆ پوختەکردنی رۆنی بەکارهاتووە و ئەوەی دیکەشیان رۆنی خاو لە پاڵاوگەکانی ئێران و عێراق دەکڕێتەوە و دوای زیادکردنی چەند ماددەیەک رۆنى لێ بەرهەم دێنێ.
 
ئەندازیار فازل محەممەدئەمین دەڵێت: "کارگەکەمان ساڵانە لەتوانایدا هەیە 1000 تاوەکو 1200 تۆن رۆن بەرهەم بهێنێ، بەڵام بەتواناى 40% کار دەکەین. رۆنەکەشمان لەڕووى کواڵیتییەوە هیچ جیاوازى نییە لەگەڵ ئەو رۆنانەى لە دەرەوە دەهێنرێن". 
 
گوتیشى: "بەڵام بازاڕمان لە کوردستان لاوازە، ئەویش بەهۆى هەرزانیى ئەو رۆنەى هاوردە دەکرێ، بۆیە بەشێک لە رۆنەکەمان هەناردەی شارەکانی عێراق و لوبنان و فەڵەستین و وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا دەکەین".
 
بەپێی داتاکان، بازرگانان لە زیاتر لە 17 وڵاتەوە رۆنی ئۆتۆمبێل هاوردە دەکەن، زۆرترین رۆنی ئۆتۆمبێل بەشێوەی بەرمیل لە ئێران و زۆرترین رۆنی دەبەش لە ئیمارات و تورکیاوە هاوردە دەکرێ، هەروەها لە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئەمریکا، ئیسپانیا، ئیتالیا، ژاپۆن، چین، کۆریا، رووسیا، بولگاریا، پۆڵۆنیا، تایوان و یۆنانەوە رۆن هاوردە دەکەن.
 
کۆمپانیاى جیهان مۆتۆرز کە بریکاری رۆنی مارکەی تۆیۆتایە، بەپێی خواستی بازاڕ ساڵانە 600 تۆن رۆن لە ئیمارات هاوردە دەکات و ئێستا خزمەتگوزاریی گۆڕینی رۆنیشی کردووەتەوە.
 
هونەر عەبدوللەتیف، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیا و گروپی جیهان مۆتۆرز دەڵێت: "ئامانجی ئێمە لە کردنەوەی خزمەتگوزاریی گۆڕینی رۆن و هاوردنى رۆن ئەوەیە کڕیاری ئۆتۆمبێلەکانمان و شوفێران رۆنێکی کواڵیتی باشیان دەستکەوێت". 
 
دەشڵێت: "پێویستە کواڵیتی کۆنترۆڵ و چاودێریی بازرگانی وردتر چاودێری بازاڕ بکەن و پشکنین بۆ رۆنەکان بکەن کە ئایا ئەو تایبەتمەندییەى لەسەریان نووسراوە تەواوە یان نا، چونکە زۆر جۆری رۆن لە بازاڕدا هەن کە خەڵک تێبینی لەسەر کواڵیتییان هەیە". 

 

لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەسەتان رۆنگۆڕی ئۆتۆمبێل هەن، بەڵام زۆر بەدەگمەن رۆنگۆڕەکان بڕوانامەی ئەکادیمی یان پسپۆڕییان لە بوارەکەدا هەیە. لە کاتێکدا رۆن بە رۆحى مەکینە دادەنرێت و ئەگەر کواڵیتییەکەى باش نەبێ زیان بە مەکینەکە دەگەیەنێ.
 
سەید رافع قاسم، سەرپەشتیاری رۆنگۆڕى سەید کە یەکێکە لە رۆنگۆڕە بەناوبانگەکانی هەولێر، دەڵێت: "نزیکەى 70 جۆر رۆن لە بازاڕدا هەن، بەگوێرەی کواڵیتییان نرخی لیترێکى لە 2000 دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە 15 هەزار دینار".

 

لە رۆنگۆڕى سەید، 15 جۆر رۆن هەن کە زۆربەیان مارکەی ئەڵمانی و ئەمریکی و هۆڵەندی و ئیماراتین، بەشێک لە رۆنەکان خۆی هاوردەیان دەکات.
 
سەید رافع قاسم، دەڵێت: "هیچ رێگرییەک لەسەر هاوردەکردنی رۆن نییە، هەر جۆرە رۆنێکمان بوێت دەتوانین هاوردەی بکەین، بە مەرجێک بریکاری ئەو مارکەیە لە کوردستان نەبێت، ئێمە لە رێگەی هاوڕێکانمان هەندێ مارکە لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا هاوردە دەکەین".
 
بۆ بەگەڕخستنەوەی کارگەکانی ناوخۆ و زیادکردن و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، خاوەن کارگەکان داوایان لە حکومەت و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کردووە رەسمی گومرگی رۆنى هاوردە زیاد بکەن.
 
ئەندازیار مستەفا زوبێر، بەڕێوەبەری هونەری و سەرپەرشتیاری کارگەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی دەڵێت: "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، کواڵیتی رۆنی زۆربەی کارگە خۆماڵییەکان باشە. ساڵانە پارەیەکی زۆر بۆ هاوردنى رۆنی ئۆتۆمبێل دەچێتە دەرەوە، لە کوردستانیش چەند پاڵاوگەیەکی نەوت هەن، بۆیە بە پێویستی دەزانین حکومەت کارئاسانی بۆ کەرتی تایبەت بکات و هانیان بدات بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لەم بوارەشدا بکەن".
 
سەبارەت بە سنووردارکردنى هاوردنى رۆنیش، مستەفا زوبێر گوتى: "کارگەکان داوای پاراستنی بەرهەمیان کردووە، ئێمە خەریکی بەدواداچوونی زیاترین بۆ بڕ و کواڵیتی و نرخیان، ئەگەر دەرکەوت دەتوانن خواستی بازاڕ پڕبکەنەوە و کەمکردنەوەی هاوردە نرخ بەرز ناکاتەوە، ئەوا بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدەین". 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە