دوای دابەزینە گەورەکەی؛ نرخی نەوت کەمێک بەرزبووەوە

11-09-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە. باهۆز و کەشوهەوای تووند لە کەنارە ئاوییەکانی مەکسیکۆ کە 60%ی پاڵاوگەکانی ئەمریکای لێیە، بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
 
نرخی نەوتی برێنت 39 سەنت بەرزبووەوە و بە 69 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 44 سەنت بەرزبووەوە و بە 66 دۆلار و 19 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی سێشەممە، نرخەکانی نەوت سێ دۆلار دابەزین دوای ئەوەی رێکخراوی ئۆپێک لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا پێشبینییەکانی خۆی بۆ خواست لەسەر نەوت لە ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوودا کەمکردەوە.
 
رۆژی سێشەممە نرخی نەوت دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لەدوای مانگی 12ی ساڵی 2021 و نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش دابەزی بۆ کەمترین ئاستی لە مانگی 5ی ساڵی 2023 بەدواوە.
 
هیرۆکی کیکوکاوا، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی (ئێن ئیس ترەیدینگ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لەدوای دابەزینە گەورەکەی رۆژی سێشەممە، بازرگانانی نەوت هەڵوێستی خۆیان گۆڕیوە."
 
ئەو شارەزایە دەڵێت، "باهۆزی فرانسیس کە پێشتر بووەتە هۆکار بۆ داخرانی دامەزراوە نەوتییەکانی ئەمریکا لە کەنارە ئاوییەکانی کەنداوی مەکسیکۆ، نیگەرانیی دروستکردووە لەسەر پچڕانی دابینکاری نەوت."
 
بەهۆی باهۆزەکەوە، 24%ی بەرهەمهێنانی نەوت و 26%ی بەرهەمهێنانی گاز لەو ناوچەیە وەستاوە.
 
لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی ئۆپێک پێشبینییەکانی بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ نەوتی خاو لە ساڵی 2024دا لە 2.11 ملیۆن بەرمیلەوە دابەزاندووە بۆ 2.03 ملیۆن بەرمیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە