100 دۆلار لە دەوروبەری 150 هەزار دینارە؛ زیاتر دەڕوات؟

11-07-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ جارێکی دیکە 100 دۆلار گەیشتەوە 150 هەزار دینار. گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری هەولێریش دەڵێت، ئەگەر هەیە هەفتەی داهاتوو بەهای دینار بەرزببێتەوە.
 
کەیفی خۆشناو، گوتەبێژ و ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەدا 100 دۆلار بە 149 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
وەک گوتەبێژەکە دەڵێت، لە کاتی داخستندا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و ئێوارەی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 149 هەزار و 700 دینار بووە.
 
پێش کاتی داخستن و لە سەروبەندی مامەڵەکانی ئەمڕۆدا بەهای 100 دۆلار گەیشتبووەوە 150 هەزار دیناریش.
 
لە سلێمانیش 100 دۆلار لە کاتی کردنەوەدا بە 148 هەزار و 800 دینار و، لە کاتی داخستنیشدا بە 149 هەزار و 750 دینار بووە.
 
دابەزینی بەهای دینار لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بڕیارێکی بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی شێوازێکی نوێی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
بەپێی بڕیارەکە، لە 14ـی ئەم مانگەوە [یەکشەممە]، تەنیا لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە بەهای فەرمی دەدرێتە گەشتیاران. 
 
کەیفی خۆشناو دەڵێت، ئەگەر بڕیارە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و بە یەکسانی دۆلار بەسەر گەشتیاراندا دابەش بکرێت، رەنگە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر بەهای دینار هەبێت و بەرزی بکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە