نرخی یەک مسقاڵ زێڕ 10 بۆ 20 هەزار دینار بەرزبووەوە

11-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 تەنیا ئەمڕۆ 20 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. مسقاڵێک زێڕی عەیار 21ـیش 15 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسە هۆکارە.
 
گۆڕانکاری لە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکار؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.
 
حاجی هەژار قادر، بازرگان و شارەزا لە بازاڕی زێڕ بە رووداوی گوت "بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی مسقاڵی زێڕە لە هەرێمی کوردستان."
 
لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەوە تاوەکو کاتی داخستنی بازاڕ لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆدا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە 2308 دۆلارەوە گەیشتە 2360 دۆلار. پێش کاتی داخستن، گەیشبووە 2378 دۆلاریش.
 
زیاد لە مانگێکە بەهای 100 دۆلار لەنێوان 145 بۆ 146 هەزار دیناری عێراقی جێگیرە.
 
بە گوتەی حاجی هەژار، "ئەگەر گۆڕانکارییەکی کەمیش لە بەهاکەی رووبدات، کاریگەریی کەمی لەسەر نرخی مسقاڵی زێڕ دەبێت."
 
ئەو شارەزایە دەشڵێت، "پێشبینییەکان بە ئاراستەی دابەزینی نرخی زێڕ بوون لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام قسەکانی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئاراستەکەی پێچەوانە کردەوە."
 
پاوڵ رۆژی چوارشەممە 1-5-2024 رایگەیاندبوو، ئەم ساڵ سوودی بانکی زیاتر بەرزناکەنەوە.
 
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خەرجی، لەوێشەوە کەمبوونەوەی هەڵاوسان. ئەمە وا دەکات نرخی دۆلار بەرزببێتەوە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت.
 
دڵنیاییدانی پاوڵ لەوەی هەنگاوێکی لەم چەشنە ناگرنە بەر، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر نرخی زێڕ دانا.
 
وەک حاجی هەژار دەڵێت، بازاڕ و بازرگانان چاوەڕوانی داتای هەڵاوسانی ئەمریکان بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ. ئەمە ئاراستەی بازاڕی زێڕ دیاری دەکات.
 
داتاکە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە 15-5-2025 لە کاژێر 15:30ـی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر بڵاو دەکرێتەوە.
 
لە مانگی ئاداردا هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 3.5% بەرزبووەوە. زیادبوونی رێژەکە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی زێڕ دەبێت [ئەگەر دۆخێکی جیۆسیاسیی لەناکاو روونەدات]، دابەزینیشی کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت.
 
بەردەوامیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا پەلە لە دابەزاندنی سوودی بانکی نەکات، بەپێچەوانەشەوە.
 
نرخی یەک مسقاڵ زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستان:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 560 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 515 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 490 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 420 هەزار دینارە
 
نرخی یەک مسقاڵ زێڕ لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لە کاتی داخستنی بازاڕدا:
 
زێڕی عەیار 24 بە 540 هەزار دینار بوو
زێڕی عەیار 22 بە 500 هەزار دینار بوو
زێڕی عەیار 21 بە 475 هەزار دینار بوو
زێڕی عەیار 18 بە 410 هەزار دینار بوو
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە