رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕێکی هەولێری کرد و رایگەیاند، ''لیژنەکانی چاودێریمان کراونەتە چەند بەشێک و سەردانی سەرجەم دووکان و بازاڕەکان دەکەن، تەنانەت پارشێوانیش بەدواداچوون بۆ نرخ و کوالێتیی کاڵاکان دەکەن''.
رۆژی دووشەممە، 11-03-2024، تیمێکی وەزارەتی بازرگانی بە سەرپەرشتیی کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان سەردانی دووکانەکانی بازاڕی شێخەڵڵای هەولێریان کرد و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ نرخ و کوالێتیی کاڵاکان کرد.
کەمال موسلیم لەبارەی چۆنیەتیی کۆنترۆڵی دۆخی بازاڕ لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''لیژنەکانی چاودێریی بازرگانیمان لەگەڵە بۆ ئەوەی ئاگاداری رەوشی بازاڕ بین و بە دووکانداران رابگەیێنین، کە ئێمە بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەین''.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە مانگی رەمەزاندا چاودێریی سەرجەم کاڵاکان دەکرێت و لە رێگەی لیژنەکانی چاودێریی بازرگانییەوە، نرخ و کوالێتیی کاڵا خۆراکییەکان کۆنترۆڵ دەکرێن.
کەمال موسلیم گوتی: ''لیژنەکانی چاودێری کراونەتە چەند بەش و جیا لە بەیانیان و ئێواران، پارشێوانیش سەردانی شوێنەکان دەکەن''.
''چوار مادەی خۆراکی زیاد دەکرێن''
بەشە خۆراکی مانگانە لە حەوت مادە پێکدێت، کە بریتیین لە ئارد، برنج، شەکر، رۆنی شل، دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەکان، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشەخۆراکی مانگی رەمەزان گوتی، چوار مادەی خۆراکیی کە بریتین لە ئاردی سفر، نیشاستە، شەعرییە و ماکەڕۆنی زیاد دەکرێن.
دوێنێ یەکشەممە لیژنەی بینی مانگ لە هەرێمی کوردستان لەدوای بینینی مانگ، رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، 11-3-2024 یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ