نرخی بیتکۆین 70 هەزار دۆلاری تێپەڕاند

11-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی بیتکۆین بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و گەیشتە زیاتر لە 72 هەزار دۆلار. هۆکاری سەرەکیش رێکخستنی دراوە دیجیتاڵییەکانە لەلایەن بەریتانیاوە. شرۆڤەکارێک دەڵێت، دەکرێت نرخی یەک بیتکۆین بگاتە 100 هەزار دۆلار.
 
رۆژی دووشەممە، 11-3-2024، نرخی بیتکۆین زیاتر لە 2 هەزار و 800 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 72 هەزار و 150 دۆلار. 
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە مێژوودا تۆمارکرابێت.
 
هەوڵەکانی رێکخستنی کەرتی دراوە دیجیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم و، لاوازیی دۆلار بە پلەی دووەم، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆینن.
 
ئەمڕۆ بیتکۆین پشتگیریی زیاتری بەدەستهێنا دوای ئەوەی دەزگای چاودێری دەسەڵاتی رەفتاری دارایی بەریتانیا رایگەیاند، هاوشێوەی ئەمریکا، رێگە بە دروستکردنی سندووقی تایبەت بە دراوە دیجیتاڵییەکان لە وڵاتەکە دەدات.
 
11ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، لیژنەی ئاڵوگۆڕی کاڵای فیدراڵیی ئەمریکا گڵۆپی سەوزیان بۆ سندوقەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی (ETF) هەڵکرد، کە بەستراوەتەوە بە پێنوێنی نرخی راستەوخۆی بیتکۆین، ئەمەش ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی دراوەکە دەکات بیتکۆین بۆ مامەڵەکانیان زیادبکەن.
 
ئەم بڕیارە کاریگەریی ئەرێنیی گەورەی لەسەر بیتکۆین داناوە و خواستی لەسەر ئەو دراوە زیادکردووە، کە گەورەترین دراوی دیجیتاڵییە لەسەر ئاستی جیهاندا.
 
دراوە دیجیتاڵییەکان "دەبنە شتێکی ئاسایی"
 
کاتلین بروکس، شرۆڤەکاری XTB دەڵێت، "ئەم راگەیێندراوەی دەزگای چاودێری دەسەڵاتی رەفتاری دارایی بەریتانیا ئەوە پێشان دەدات دراوی دیجیتاڵی بەشێوەیەکی ئاسایی لە لایەن زۆرینەی خەڵکییەوە سەیر دەکرێت. ئەوەش نەک تەنیا بیتکۆین، دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکەش دەگرێتەوە".
 
ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت: "ئێمە دەزانین کە خواست هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ئەمریکا بایی 10 ملیار دۆلار بیتکۆین هاتووەتە نێو سندووقەکانی مامەڵەی بەریتانیا."
 
سندووقی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن شرۆڤەکارانەوە وەک بەڵگەیەک بۆ گەشەسەندنی بەرژەوەندیی دراوە دیجیتاڵییەکان لەلایەن وەبەرهێنەرانی دامەزراوەییەوە سەیر دەکرێت، ئەمەش جۆش و خرۆشی بازرگانان زیاتر دەکات.
 
100 هەزار ئامانجی سرووشتیی داهاتووە
 
فیۆنا سینکۆتا، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای 'سیتی ئیندێکس' بۆ خزمەتگوزاریی دارایی و وەبەرهێنان دەڵێت: "لە دوای دابەزینەکەی ساڵی 2022ـەوە، بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان 350٪ بەرزبوونەتەوە.
 
سینکۆتا پێشبینی دەکات کە رەنگە ئاستی 100 هەزار دۆلار بۆ یەک بیتکۆین ببێتە "ئامانجی سرووشتیی داهاتوو"ـی بیتکۆین.
 
ئەو شرۆڤەکارە هۆشداریش دەدات لەوەی نرخی بیتکۆین جێگیر نییە، دەکرێت هەر بەو خێراییەی بەرزبووەوە، دابەزێت".
 
هاوکات، ئامارەکانی ئەمریکاش یەکێکی دیکەن لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین؛ رۆژی هەینی، 8-3-2024، وەزارەتی کاری ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە مانگی شوباتدا رێژەی بێکاری لە ئەمریکا بۆ 3.9٪ بەرزبووەتەوە.
 
بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری، هاوشان لەگەڵ کەمبوونەوەی هەڵاوسان و بێکاری، ئەو بڕوایە پتەو دەکات کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەکات.
 
زیادبوون و پتەوبوونی ئەو بڕوایە، دژی دۆلار و لە بەرژەوەندیی دژەکانیەتی؛ زێڕ، دراوە دیجیتاڵییەکان، پشکی کۆمپانیاکان و پێنوێنەکان.
 
تەنیا لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نرخی بیتکۆین 70٪ بەرزبووەتەوە؛ لە ساڵی رابردوویشدا 150٪ بەرزبووەوە، بە جۆرێک لە 18 هەزار دۆلار لە سەرەتای 2023 گەیشتە 44 هەزار دۆلار لە کۆتایی ساڵەکە.
 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە