رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایدەگەیێنێت، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگییەکانی باڵایان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی زەویی جووتیارانی کەرکووک هەیە، ئاماژە بەوەش دەکات، بەم نزیکانە هەموو شایستەی جووتیاران خەرج دەکرێت.
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 10-11-2024 لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پلانی کشتوکاڵی زستانەی ئەم ساڵی عێراق 4 ملیۆن و 800 هەزار دۆنم زەوییە. پلانەکە بە هاوئاهەنگی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دانراوە. ئاوی کۆگاکراو لەبەرچاو گیراوە".
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق خزمەتگوزاریی جیاواز پێشکێش بە جووتیاران دەکات لە هەموو پارێزگاکان. بەگوتەی محەممەد خوزاعی، "وەزارەت لە رێگەی رۆژنامەی کشتوکاڵیەوە هەوڵ دەدات مافی جووتیاران بپارێزێت. هەڵمەتی هۆشداری رێکدەخەین. بنەتۆو بە نرخی 70٪ی پاڵپشتیکراو و پەیین بە خۆڕایی دەدەینە جووتیاران".
محەممەد خوزاعی گوتیشی، تەنانەت ئەو نرخەی بۆ گەنم دیاریکراوە لە نرخی جیهانی بەرزترە. بۆ نموونە، گەنمی ئوسترالی تاوەکو دەگاتە بەندەری فاو لە بەسرە هەر تۆنێک 500 هەزار دینار ناکەوێت، کەچی حکومەت هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق باسی لە گواستنەوەی بەرهەم و کاڵای لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق کرد و گوتی، "رێکار هەیە و هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ رێککەوتنیان کردووە. رێگەی هاتووچۆی ئەو بەرهەمانە دیاریکراون. یەکێکیان لە رێگەی پارێزگای کەرکووک و ئەوی دیکەیان لە پارێزگای نەینەوا."
لەبارەی کێشە و گرفتی زەویوزاری جووتیارانی کەرکووک، محەممەد خوزاعی گوتی، لیژنەیەکی ناوەندی و لیژنەی لاوەکی پێکهێنراون بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو زەوییانەی کێشەیان لەسەرە، ئاماژەی بەوەشکرد، هاوئاهەنگییەکی باڵا لەنێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ هاوکاری و چارەسەرکردنی ئەو بابەتە.
حکومەتی عێراق ئەم ساڵ بایی 590 ملیار دینار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی کڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێک لە جووتیاران شایستەکانیان وەرنەگرتووە.
بەشێک لە جووتیارانی نەینەوا و کەرکووکیش شایستەکانیان وەرنەگرتووە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، "لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق، کەمتر لە 10٪ی جووتیاران ماون کە شایستەی داراییان وەرنەگرتووە. پشتیوان بەخودا لە ماوەی کەمی داهاتوودا شایستەکانیان وەردەگرن."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، "وەک دەزانن بڕەپارەکە زۆرە، چونکە بڕیاردرا ئەو بەرهەمانەش وەربگیرێن کە لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی بوون. نزیکەی شەش تریلیۆن دینار بۆ پلانەکە تەرخانکرابوو، دواتر ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر بنەمای راسپاردەی وەزیری کشتوکاڵی عێراق بڕیاری دا بەرهەمی دەرەوەی پلانیش وەربگرێت، ئەوەش کێشەی لە تەرخانکردنی شایستەی دارایی جووتیاران دروستکرد. ئەو جووتیارانەی لەنێو پلان بوون هەموویان شایستەی خۆیان وەرگرتوە و ئەوەی ماوەتەوە لەنێوان 5-10٪یە کە شایستەکانیان وەرنەگرتووە."
محەممەد خوزارعی جەختی لەوەکردەوە، وەزارەیی کشتوکاڵی بەدواداچوونی بۆ شایستەی جووتیاران لە وەزارەتی دارایی کردووە و لە ماوەی کەمی داهاتوودا شایستەی سەرجەمی ئەو جووتیارانە خەرج دەکرێت کە تاوەکو ئێستا پارەیان بۆ خەرج نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ