جەمال کۆچەر: لە دوو رۆژی داهاتوودا وردبینی لە لیستی مووچەخۆران تەواو دەبێت

10-03-2024
پەیمان محەممەد
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە دوو رۆژی داهاتوودا وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''لیستی مووچەخۆران درەنگ نێردرایە بەغدا''. 
 
رۆژی یەکشەممە، 10-03-2024، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشیکرد، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان قسەی کرد. 
 
جەمال کۆچەر رایگەیاند، ''پێشتر بەغدا وەک بودجە پارەی دەنارد، بۆیە زۆر گرنگیی بە لیستی مووچەخۆران نەدەدا، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لە بەغداوە پارە بۆ مووچە دەنێردرێت؛ بۆیە هەرکات وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر لیستی مووچەخۆران بدات، لەسەری دەبێتە ماڵ و دەبێ مانگانە بەو بڕە پارە بنێرێت".
 
18 رۆژ بەسەر بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تێپەڕیوە، بەڵام هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمییان نەکردووە تاوەکو میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکە جێبەجێ بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئادار، لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا. 
 
جەمال کۆچەر پێشبینی دەکات، لە دوو رۆژی داهاتوودا پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆران لە وەزارەتی دارایی یەکلایی دەکرێتەوە.
 
پێشتر تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندبوو، لەگەڵ ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، مووچەی فەرمانبەران دەنێرن. 
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە گوتی، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان درەنگ لیستی فەرمانبەرانی نارد. لەم بابەتەدا رەخنە لە بەغدا ناگیرێت، چونکە تەنیا دوو رۆژە وردبینی بۆ لیستی مووچە دەکرێت".
 
رۆژی  09-03-2024، سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی ناوی وەزارەتی پێشمەرگە، دەزگای ئاسایش، ئەنجوومەنی ئاسایش و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی نەناردووە؛ تەنیا بڕی ئەو پارەیەی ناردووە کە بۆ مووچەکانیان خەرج دەکرێت."
 
جەمال کۆچەر لەو بارەیەوە گوتی، ''دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە ئایا ناوی کارمەندانی ئەمنیی عێراق دەنێردرێتە وەزارەتی دارایی عێراق یان نا؟ ئەگەر بنێردرێت، ئەوە دەبێ هەرێمی کوردستانیش ناوی کارمەندانی ئەمنیی خۆی بنێرێت".
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی 2018 ناوی کارمەندانی حەشدی شەعبی کە سەر بە هێزە ئەمنییەکانی عێراقن، بۆ وردبینی لە مووچەکانیان نەنێردراوەتە وەزارەتی دارایی عێراق و دەشڵێت، ''دەبێ پەرلەمانتارانی کورد لە لیژنەی یاسایی و ئەمنیی پەرلەمان بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەن کە ئایا ئێستا ناوی هێزە ئەمنییەکانی عێراق خراوەتە بەردەم وەزارەتی دارایی یان نا.''
 
بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، حکومەتی عێراق لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە مووچە دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، وەکو بانکی رەشید و رافیدەین. 
 
جەمال کۆچەر سەبارەت بەوە دەڵێت، ''دەبێت سەرەتا حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوی رەزامەندی بۆ بانکی ناوەندیی عێراق بنێرێت بۆ ئەوەی لقەکانی بانکی رافیدەین و رەشید لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە؛ هەروەها ئاسانکاریش بۆ کردنەوەیان بکات''.
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، ''ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر کردنەوەی لقی بانکەکان دابێت، ئەوە دەبێ رەخنە لەو بانکانە بگرین کە بۆچی تاوەکو ئێستا بڕیاری دادگەی فدراڵییان جێبەجێ نەکردووە؟"
 
جەمال کۆچەر گوتی، ئەگەر هەردوو حکومەت جیدی بن لە دروستکردنی کارتی بانکیی فەرمانبەران و بانکەکانی رەشید، رافیدەین و تی بی ئایش بە چڕی کار بۆ بابەتەکە بکەن، تەواوکردنی پڕۆسەکە کاتێکی زۆر ناخایەنێت.
 
لە 25-3-2023وە کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. لەو کاتەوە ئاستەنگی جیدی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستبووە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی بەغدا دەکات بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بکات.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە