هەڵاوسان لە ئەمریکا گەیشتووەتە ئاستێک لە چوار دەیەی رابردوو وێنەی نەبووە

10-02-2022
عیسا حەسەن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پێنوێنی بەکاربەر لە ئەمریکا لەماوەی 12 مانگی رابردوودا بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە و گەیشتە 7.5٪. ئەو رێژەیە لەسەرووی پێشبینییەکانە و لە ساڵی 1982ـەوە وێنەی نەبووە و نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.
 
وەزارەتی کاری ئەمریکا لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، پێنوێنی بەکاربەری خۆراک کە بە واتەی رێژەی هەڵاوسان دێت لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بۆ 7.5٪ بەرزبووەتەوە، پێشتر شرۆڤەکارانی داوجۆنس پێشبینییان دەکرد هەڵاوسان لە کانوونی دووەمی 2022 بگاتە 7.2٪. 
 
لە ئەمریکا نرخی کاڵا و کەلوپەل زۆر بەرزبووەتەوە، لە نرخی گازی سرووشتییەوە بگرە بۆ نرخی سەوزەومیوە. لەدوای راپۆرتەکەی وەزارەتی کاری ئەمریکا، بازاڕە داراییەکان دابەزین، لە بەرامبەردا قەواڵە داراییەکانی حکومەتی ئەمریکا دەستیان بە بەرزبوونەوە کرد، بەهاکەیان 2% هەڵکشا و گەڕانەوە ئاستی هەرە بەرزی مانگی ئابی 2019.
 
نرخی خۆراک لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە رێژەی 0.9٪ و لە ساڵی رابردووش 7٪ زیادیکردووە.
 
ئەندرو هەنتەر، ئابووریناسی بەنێوبانگی ئەمریکا لە ناوەندی کاپیتاڵ ئیکۆنۆمیکس دەڵێت، "بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و نیشتەجێبوون دەریدەخات کە رێژەی هەڵاوسان بەردەوامە لە هەڵکشان و پێناچێت بەمنزیکانە روو لە پاشەکشە بکات."
 
سووتەمەنی کە بەگەڕخەری ئابووریی ئەمریکایە لە مانگی یەکی ئەمساڵ درێژەی بە بەرزبوونەوەکانی ساڵی رابردوودا، تەنیا لە مانگی کانوونی دووەم بە رێژەی 9.5٪ بەرزبووەتەوە و لە ئاستی ساڵانەشدا 46.5٪ نرخەکەی زیادیکردووە.
 
تێچووی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و بەشدارییەکی کارای لە رێژەی هەڵاوسانی گشتیدا هەیە. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا، نرخی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری کۆن بە رێژەی 12.2٪ و ئۆتۆمبێلی نوێ بە رێژەی %40.5 بەرزبووەتەوە لە 12 مانگی رابردوودا.
 
جگە لەو راپۆرتە، وەزارەتی کاری ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە راپۆرتێکی دیکەی لەبارەی رەخسانی هەلی کار بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەفتەی رابردوو داوای کاریان کردووە 223 هەزار کەس بووە، بەراورد بە هەفتەی پێشتر 16 هەزار کەس کەمتر بووە و لە هەفتەی یەکەمی ئەمساڵیشەوە کەمترین داخوازی بووە بۆ دۆزینەوەی کار.
 
لە 22ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی سوودمەندن دەبن لە هاوکارییەکانی بۆ 2.1 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە.
 
پێشبینیدەکرێت لە مانگی ئادار، بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان سوودی بانکی بەرێژەی 0.5٪ بەرزبکاتەوە، ئەوە جگە لە کەمکردنەوەی پڕۆگرامەکانی یارمەتیدان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە