رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی کەمێک بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە نزیکەی 77 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەوەش بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو کەمێک بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا لە نزمترین ئاستەکانی لە یەک ساڵی رابردوودا مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی زێڕیش بەرزبووەوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەشێکی بۆ داخرانی هێڵێکی سەرەکیی گواستنەوەی نەوت لەنێوان ئەمریکا و کەنەدا دێت کە بەهۆی لێچوون و رژانی نەوتەوە کارەکانی وەستێندراوە، بەڵام بەرزبوونەوەکەیشی سنوورداربوو بەهۆی نیگەرانییەکان لە سستبوونەوەی ئابووری و کەمیی خواست بۆ نەوت.
بەهۆی ئەو رووداوەوە، زیاتر لە 14 هەزار بەرمیل نەوت لە چەمی کەنساس رژاوە، ئەوەش یەکێکە لە گەورەترین رووداوەکانی رژانی نەوت لە ئەمریکا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا.
ئەمڕۆ هەینی، 9-12-2022 نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 76 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسیش بە 71 دۆلار و 94 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی چوارشەممە نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی خۆی لەمساڵدا دابەزی بەهۆی زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنان و نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا و زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی کاریگەریی خاوبوونەوەی ئابووری لەسەر خواست.
دابەزینی بەهای دۆلاریش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان کە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەیە.
نرخی زێڕ بەرزبووەوە
نرخی زێڕ ئەمڕۆ هەینی بەرزبووەوە، هەر ئۆنسەیەک زیاتر لە هەشت دۆلاری چووەتەسەر و بە 1797 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، نرخی زێڕیش بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو لە نزیکەی 1810 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە رۆژی چوارشەممە نرخی زێڕ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، بەهۆی زیادبوونی هۆشدارییەکان کە بەرزبوونەوەی رێژەی نرخی سوودی بانکی و هەڵاوسانی بەرز دەبنە هۆی سستیی ئابووریی ئەمریکا لە ساڵی 2023ـدا، بەڵام لە رۆژی رابردوودا نرخەکە تاڕادەیەک بە جێگیری ماوەتەوە.
بازرگانان لەم هەفتەیەدا گرنگی بە داتای هەڵاوسانی بەرهەمهێنەرانی ئەمریکا دەدەن بۆ مانگی تشرینی دووەم کە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی بڵاوبکرێتەوە و ئامانج لێی پێوانەکردنی رێڕەوی گوشارەکانی نرخە لە وڵاتەکەدا.
پێوەرەکانی نرخی بەرهەمهێنەرانی ئەمریکا بۆ مانگی رابردوو کە بڕیارە رۆژی هەینی بڵاوبکرێتەوە، لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت، چونکە ئاماژەیەکە لەسەر رێڕەوی هەڵاوسان لە وڵاتەکەدا.
لەلایەکی دیکەوە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆتا کۆبوونەوەی خۆی بۆ ئەمساڵ ئەنجام بدات. لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندی بە رێژەیەکی تاڕادەیەک کەمتر لە پێشوو نرخی سوودی بانکی زیادبکات، بەڵام هۆشداری داوە لەوەی کە رێژەی نرخەکە لە ساڵی داهاتوودا بۆ ئاستێکی بەرزتر لە چاوەڕوانییەکان بەرزدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ